Accessibility links

کۆرۆنا لە هندستان زیاد دەکات و لە ئەمەریکاش بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەو ڤایرۆسە ئاڵای وڵاتەکە بۆ سێ ڕۆژ نزم دەکرێتەوە


وەزارەتی تەندروستی هندستان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا زۆر زیادی کردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێردا 6 هەزارو 88 حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە. لە هەمان ڕاگەیاندندا ئاماژە بەوەش کراوە لە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە هەتا هەینی 148 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە. لە ئیستادا زیاتر لە یەک ملیۆن حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هندستان ڕاگەیەندراوە.

بەریتانیا لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر کەسێک بچێت بۆ وڵاتەکە بە هاووڵاتیانی بەریتانیاشەوە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن. گەشتیارە بیانییەکان پێویستە ناونیشانێک دابین بکەن و چاودێری دەکرێن بۆ ئەوەی بزانن سەرپێچی لە یاساو ڕێساکانی کەرەنتینەکەیان دەکەن یان نا.

نێوەندی لێکۆڵێنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆنس هۆپکنس ڕادەگەیەنێت لە ئێستادا زیاتر لە 5 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاد لە 333 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەتا ئێستا ژمارەی قوربانیان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەمو جیهان زیاترە لە کاتێکدا 1 ملیۆن و 500 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی 95 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە ئەمەریکا سەرۆک دانۆڵد ترامپ فەرمانی داوە ئاڵای وڵاتەکە تا سێ ڕۆژ نزمبکرێتەوە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە هەمان ڕاگەیاندنی تویتەریدا ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک ترامپ گوتیشی ئاڵا نزمکراوەکان لە ڕۆژی دووشەممە ڕۆژی یادەوەری ئەمەریکا بۆ ڕێزلێنانیشە لەو ژن و پیاوانەی لە پێناو وڵاتەکەماندا گیانی خۆیان بەخت کردووە.

وەزیری دادی ویلایەتی مشیگەنیش دەڵێت سەرۆک ترامپ بانگهێشت ناکرێتەوە بۆ ویلایەتەکە ئەگەر ئامادە نەبێت لە ناو خەڵکیدا ماسک دابنێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە چووە کارگەی ئۆتۆمبێلی فۆرد لە نزیک دیترۆیت کە کراوە بە کارگەی دروستکردنی ئامێری هەناسەدان.

هەمو ئەو بەرپرسانەی فۆرد کە شوێنەکانیان بە ترامپ نیشان دەدا دەموچاویان بە ماسک داپۆشیبوو بەڵام ترامپ وەکو هەمیشە ئامادە نەبوو ماسکەکە دانێت.



XS
SM
MD
LG