Accessibility links

هاوکاتی دووبارە بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لوبنان جارێکی تر قەدەغەکردنی هاتوچۆ ڕادەگەیەنێت


لوبناییەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان کرد چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی ڕۆژی چوارشەممە حکومەت قەدەغەکردنی تەواوی هاتوچۆ بۆ ماوەی 4 ڕۆژ لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕابگەیەنێت پاش ئەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە.

حکومەتی وڵاتەکە داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە هەتا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، ئەمەش پاش ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگە ئەو قەدەغەکردنی هاتوچۆیانەی هەڵگرت کە لە ناوەڕاستی مانگی 3وە سەپێندرابوون.

ئەم قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی دووکان و بازاڕەکانی لوبنان پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ترە کە هەوڵ دەدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پێویستی تەندروستی و ئابوریدا دروست بکەن و دەستیان کردووە بە سوککردنی کۆتوبەندەکان سەرەڕای نیگەرانییەکی قوڵ لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوەو بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

پاش ئەوەی ماوەی 10 ڕۆژە چێشتخانەو ڕێستورانتەکان کراونتەوە جارێکی تر دادەخرێنەوە و بەشێوەیەکی گشتی ناردنی خواردن بۆ ماڵەکان ڕادەگیرێت. مەلای باڵای سوننە ئاینزای وڵاتەکە ڕایگەیاند نوێژی بەکۆمەڵیش لە مزگەوتەکاندا ڕادەگیرێتەوە پاش هەفتەیەک کردنەوەی مزگەوتەکان و ڕێگەدان بە نوێژی بەکۆمەڵ بە شێوەیەکی سنووردار.

ئەم قەیرانە تەندروستییە لە دەمێکی زۆر هەستیاردایە بۆ لوبنان. وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینەی ئابوری و دارایی بووەتەوە و ئەمەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر دانیشتوان کە هەتا دێت زیاتر پاشەکەوتیان نامێنێت. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نرخی دراوەکەیان %60 دابەزیوە.

ڕێژەی بێکاری تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش زیادی کردبوو لە کاتێکدا گەشەسەندنی ئابوری و وەگەڕخستن دابەزیبوو. کاربەدەستان دەڵێن %45 ی دانیشتوانی وڵاتەکە لە ئێستادا لە هەژاریدا دەژین. حکومەت داوای هاوکاری دارایی لە سندوقی جیهانی نێونەتەوەیی کردووە و وتووێژەکان لەسەر بەرنامەی دەربازبوونیان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات.




XS
SM
MD
LG