Accessibility links

کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابوری جیهان


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە خێراترین شێوە لە مێژوویدا ڕێژەی بێکاری تیایدا زیاد دەکات بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە کاتێکدا ئەوروپاش بڕیاری دا بۆ مانگێکی تریش بەردەوام سنوورەکان دابخات.

لە کاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی خراپترین کارەسات بۆتەوە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەی کە هەتا ئێستا زیاتر لە 270 هەزار کەسی کوشتووە، ڕۆژی هەینی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆرێکی نوێی تاقیکردنەوەی بۆ پەتای کۆڤد19پەسەند کرد کە دەشێت لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش هیواکانی خەڵکی زیاد کرد.

بەڵام پاش چەندین هەفتەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی کارو کاردارییەکان، کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەم ڤایرۆسە بەسەر ئابوری جیهانەوە بە ڕوونی دەرکەوت.

لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا 20 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە مانگی 4 دا کارەکانیان لەدەستدا، ئەمەش زۆرترین لەدەستدانی کاربووە کە ڕاگەیاندرابێت و ڕێژەی بێکاریش گەیشتە لەسەدا 14 و لەدەیا 7 کە بەرزترین ئاستە لەوەتای قەیرانە مەزنەکەی ئابوری ئەمەریکاوە.

ئەمەریکا کە گەورەترین ئابوریە لە جیهاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خراپترین شێوە کاریتێکردووە هەتا ئێستا نزیکەی 1 ملیۆن و 300 هەزار حاڵەت ڕاگەیەندراوە و زیاتر لە 77 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

سەرۆک ترامپ کە نیگەرانی هەڵبژارنەوەیەتی لە مانگی 11 دا هەوڵ دەدات کارو کاردارییەکانی وڵاتەکە بکاتەوە و ژمارەیەکیش لە ویلایەتەکان دەستیان کردووە بە کردنەوەی کارەکان بەڵام بە ئاگاهییەوە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند " ساڵی داهاتوو ساڵێکی گەش دەبێت لەبەردەممان."

گەشبینییەکانی سەرۆک لە کاتێکدایە کە تەنانەت ڤایرۆسەکە گەیشتۆتە کۆشکی سپیش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆک مایک پێنس توشی ڤایرۆسەکە بووە.

کەنەدای دراوسێش نزیکەی 3 ملیۆن کاری لەدەستداوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بەمەش ڕێژەی بێکاری لە کەنەدا گەیشتە لەسەدا 13 و لە دەیا 1، دوو ڕۆژ پاش ئەوەی یەکێتی ئەوروپاش داڕمانێکی مەزنی ئابوری ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG