Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەوانەی ڤایرۆسی کۆڤد19یان گرتووەو چاکبوونەتەوە جارێکی تر نایگرنەوە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕادەگەیەنێت لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە ئەو کەسانەی ڤایرۆسی کۆڤد19 دەگرن و چاکدەبنەوە دژە تەنەکانیان دەیانپارێزێت لەوەی جارێکی تر دووچاری ڤایرۆسەکە ببنەوە.

ئەو ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی ئاگاهییەکی ڕۆژی شەممەدا هۆشداری لە دژی ئەوە دا کە حکومەتەکان ئەو زانیاریانە بڵاوبکەنەوە کە هەر کەسێک کۆرۆنای گرتبێت ئیتر مەترسی نییە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند ئەم جۆر لێدوانانە لە ڕاستیدا مەترسییەکان زیاتر دەکەن چونکە ڕەنگە ئەو کەسانەی چاک دەبنەوە ڕێنماییەکان پشتگوێ بخەن و خۆیان لە ڤایرۆسەکە نەپارێزن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت " هەندێک لە حکومەتان پێشنیازی ئەوەیان کردووە تاقیکردنەوەی دژە تەنی SARS-CoV-2 ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە هۆی کۆڤد19 بۆ خەڵکی بکەن، و بەمەش ئەو کەسانە دەستنیشان بکرێن کە بەرگری لەشیان بەهێزە و مەترسیان نییە بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن و بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان چونکە پێیان وایە جارێکی تر ڤایرۆسەکە ناگرنەوە."

بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت " لە ئێستادا هێچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە لە کۆڤد19 چاکدەبنەوە دژەتەنەکانیان بەرگریان لیدەکات و جاری دووهەم نەخۆش ناکەونەوە".

وڵاتی چیلێ لە هەفتەی ڕابوردوو ڕایگەیاند "پاسەپۆرتی تەندروستی" دەدات بەو کەسانەی کە لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە، پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆیان تا بزانن بەرگری لەشیان دژ بە ڤایرۆسەکە بەهێز بووە یان نا، هەر پاش ئەوە دەستبەجێ دەتوانن بچنەوە بۆ کارەکانیان.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت بەردەوام پێداچوونەوە بەسەر بەڵگەکاندا دەکات بۆ دژە تەنەکانی ئەو ڤایرۆسەی کە لە شاری ئوهانی چینەوە بڵاوبۆوە. هەتا ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن و 800 هەزار کەس لە جیهاندا توشتی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 196 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG