Accessibility links

چین پارەی زیاتر دەدات بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی


چین ڕایدەگەیەنێت 30 ملیۆن دۆلاری زیاتر دەدات بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

ئەم ڕاگەیاندنەی چین تەنها چەند ڕۆژێکە پاش هەڵپەساردنی بەشدارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ هەمان ڕێکخراو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە بۆ خۆپاراستن و چاودێریکردنی پەتای کۆڤید19 بەکاردەهێنرێت و هەروەها بۆ پەرەپێدانی سیستەمەکانی تەندروستی لە وڵاتانی جیهانی سێدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا فرمانیدا بە بەڕێوبەرایەتییەکەی تا ئەو بەشدارییە داراییەی ئەمریکا دەیکات لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا، هەڵبپەسێرێت و سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو بڕیارە بەهۆی خراپی سەروسەوداکردنی ڕێکخراوەکەوەیە لەگەڵ ئەم قەیرانی کۆرۆنایەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش داوای گۆڕانکاری کردووە لە پێکهاتەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا و دەشڵێت مەرج نییە دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی ڕێکخراوەکە ببێتە هۆکارێک تا ئەمریکا دارایی دابین بکاتەوە بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.

مایک پەمپەیۆ، داواشی لە چین کردووە بە ڕوونی زانیارییەکان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بکات.

پەمپەیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز دەڵێت تا ئێستا حکومەتی چین ڕێگەی نەداوە زاناکانی ئەمریکا بچنە ناو چینەوە، نەک هەر بۆ ووهان بەڵکو بۆ هەر شوێنێک کە پێویستمان بووبێت بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ڤایرۆسەکە.

XS
SM
MD
LG