Accessibility links

لێدوانێکی سەرۆک ترامپ نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە


نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بۆتەوە پاش لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەهەمهێنانی نەوت.

سەرۆک ترامپ وتوویەتی ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم دەهێنرێت، واتە دوو هێندەی ئەو بڕی کەمکردنەوەیەی لەڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک و وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوتدا هاتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتۆتە 22.56 دۆلار و وەک ئابوریناسان دەڵێن دەشێت بەرزتریش ببێتەوە.

ڕێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت، کە بە هاوپەیمانانی ئۆپیک ناودێر دەکرێن، ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ئەم ڕێککەوتنەش لە یەکەم ڕۆژی مانگی پێنجدا، دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئامانجی ڕێککەوتنەکە، جێگیرکردنی نرخی نەوتە پاش ئەو دابەزینە زۆرەی بە خۆییەوە بینی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەروەهاش بۆ هێورکردنەوەی ئەو شەڕی نرخەی لە نێوان ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیەدا هەبووە.

لە ڕۆژی دووشەممەوە بەرز و نزمی لە نرخی نەوتدا دەبینرا بەهۆی ئەوەی کارداران هێشتا گومانیان هەبووە لەو زێدە بەرهەمیەی لەبازاڕە جیهانیەکاندا هەبوون. بەڵام کاتێک سەرۆک ترامپ درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە جەختی کردەوە لەوەی وڵاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنی نەوت لە کۆتاییدا دەگەنە ئەوەی بڕی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننە دوو هێندەی ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک + دا هاتووە.

سەرۆک ترامپ، لە نوسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "پاش بەشداریم لە دانوستاندنەکاندا، دەڵێم؛ ئۆپیک و هاوبەشەکانیشی چاویان لەوەیە ڕۆژانە بڕی 20 ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە، نەک 10 ملیۆن بەرمیل وەک باس دەکرێت."

XS
SM
MD
LG