Accessibility links

ئەمەریکا و تالیبان تاوتوێی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان دەکەن


سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لەگەڵ ڕێبەرانی یاخیبوانی تالیبان کۆبۆتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە.

گوتەبێژێکی تالیبان لە تویتێکدا باسی لە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ ژەنەڕاڵ سکات میلەر کردووە و دەڵێت شەوی هەینی کۆبونەوەکە لە دۆحای قەتەر ڕوویداوە کە ئۆفیسی سیاسی تالیبانی لێیە.

سوهەیل شاهین نوسیویە هەردوو شاندەکە باسیان لە وردەکارییەکانی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ئەمەریکا و تالیبان کردووە، کە هەردوو لایەنی ڕێککەوتنەکە لە 29 ی مانگی 2 مۆریان کرد.

گوتەبێژێکی هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەمە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژەنەڕاڵ میلەرشەوی ڕابوردوو لەگەڵ سەرکردایەتی تالیباندا کۆبۆوە وەکو بەشێک لەو کەناڵە لەشکرییەی لە میانەی ڕێککەوتنەکەدا پێکهێندراوە. کۆبونەوەکەش لەسەر پێداویستییەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بووە."

شاهین دەڵێت سەرپێچییەکان لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و تالیبان بە تایبەتی هێرشەکان و هەڵمەتەکانی شەوانە لەژێر وتووێژی چڕدان. ئەو گوتیشی " شاندی تالیبان داوای کۆتاییهێنانی بەو هێرشانە کردووە."

لە دواین بەیاننامەیدا لەشکری ئەمەریکا نکوڵی لە لێدوانەکانی یاخیبوان دەکات و دەڵێت " لە ڕێککەوتەنەکەدا ڕێگە دراوە بە سەربازە بیانییەکان بەرگری بکەن لە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانی ئەگەر لەلایەن تالیبانەوە هێرش بکرێتە سەریان."

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە نابێت یاخیبوان هێرشبکەنە سەر هێزە بیانییەکانی کە هێواش هێواش تا مانگی 7 ی ساڵی 2021 لە ئەفغانستان دەربچن لە پێناو ئەو بەڵێنانەی تالیبان داویەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرسم.






XS
SM
MD
LG