لە بەریتانیا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە خەریکە دەگاتە 10 هەزار کەس،پاش ئەوەی کاربەدەستانی تەندروستی ڕایانگەیاند 917 کەسی تر بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە پاش توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوشی تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوات.
لە ئێستادا 9 هەزارو 875 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە لەو ولاتەدا گیانیان لەدەستداوە و بەریتانیاش پێنجهەمین وڵاتە لە جیهاندا بۆ ژمارەی مردووەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤد19.
نزیکەی 80 هەزار کەس لە بەریتانیا توشی ڤایرۆسەکە بوون بە سەرۆک وەزیری وڵاتەکەشەوە کە ئێستا کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن لە قۆناغی سەرەتایی چاکبوونەوەیدایە پاش ئەوەی سێ ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕ بوو لە نەخۆشخانە.
ڕۆژی هەینی ئۆفیسەکەی ڕایگەیاند جۆنسن کەوتۆتەوە سەر پێی خۆی لە کاتێکدا ڕۆژنامەکانی بەریتانیا ڕایانگەیاند ئەو تەماشای فیلمی دەکرد و ئەو نامانەی دەخوێندەوە کە لەلایەن دەزگیرانەکەی کاری سیمۆندسەوە بۆی ڕۆشتبوو.