Accessibility links

قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە جیهاندا زیاد دەکات شەقامەکان چۆڵتر دەبن


شەقامەکان، گۆڕەپانەکان و شاڕێیەکان لە بەشێکی زۆری جیهاندا ڕۆژی شەممە چۆڵ بوون لە کاتێکدا تا دێت قەدەغەکردنه هاتوچۆ لە شارو شارۆچکەکانی جیهاندا زیاد دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤیارۆسی کۆرۆنا کە زۆر بە خراپی کاری کردۆتە سەر سیستمی تەندروستی جیهانی.

سێ ویلایەتی ئەمەریکا کە بە هەرسێکیانەوە نزیکەی 70 ملیۆن دانیشتوانی تێدایە هەنگاودەنێت بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆی خەڵکی تا بتوانن ڕێگەبگرن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤێد 19. کالیفۆرنیا ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد و نیویۆرک و ئیلنۆی لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا هەمان هەنگاو دەنێن. ویلایەتەکانی کناریکت و ئۆریگەن‌یش خۆیان ئامادە دەکەن هەنگاوی هاوشێوە بنێن.

بازارەکانی باڤاریای ئەڵمانیا کە پێشتر قەرەباڵغییەکی زۆری تێدابوو ئێستا چۆڵ بوون لە کاتێکدا ئەوێش بوو بە یەکەم هەرێمی ئەڵمانیا کە بڕیار بدات خەڵکی دەبێت لەماڵەوە بمێننەوە، تەنها دەتوانن بۆ شتە گرنگەکانی وەکو کار، خواردن کڕین یان چوون بۆ دکتۆر بڕۆنە دەرەوە. پۆلیس ڕایگەیاند بە بەراورد لەگەڵ شەوی ڕابوردوو خەڵکی کەمتر سەرپێچی قەدەغەکردنی هاتوچۆکەیان کردبوو.

کۆلۆمبیاش بوو بە دوواین وڵاتی ئەمەریکای باشور کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ ڕابگەیەنێت و سری لانکاش هەمو ڕێگەکانی بۆ ئەم شەمەو یەکشەممەیە داخست.

بە پێی نێوەندی ئافریکا بۆ کۆنترۆڵ کردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان ڕۆژی شەممە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئافریکا توشی ڤایرۆسی کۆڤێد 19 بوون گەیشتە هەزار کەس. لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەلایەنی کەم لە 40 وڵاتی ئافریکادا بڵاو بۆتەوە.

هەتا ئێستا زیاتر لە 275 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا توشی ئەم ڤایرۆسە بوون و زیاتر لە 11 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە و بەلایەنی کەم 88 هەزار کەسیش پاش توشبوون بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG