Accessibility links

حکومەتی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیارێکی قورس دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


کالیفۆرنیا بڕیارێکی بێپێشینەی دەرکرد بۆ 40 ملیۆن لە دنیشتوانی تا لە ماڵەکانی خۆیان دەرنەچن و واشنتنیش هۆشداری دەدات بە ئەمەریکاییەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵات یان تا کاتێکی نادیار لە دەرەوەی وڵات بمێننەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 200 کەس.

فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا گاڤن نیوسام
فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا گاڤن نیوسام

بڕیارەکەی فەرمانڕەوای کالیفۆرنیا گاڤن نیوسم کە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە دەبێتە گەورەترین داخستنی کاروبارەکانی حکومەت لەم قەیرانە تەندروستییەدا ئەمەش لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت بۆی هەیە لە ماوەی هەشت هەفتەی داهاتوودا نیوەی دانیشتوانی ویلایەتەکە توشی ڤایرۆسەی کۆرۆنا ببن ئەگەر ڕێگەی لێنەگیرێت.

لە کاتێکدا حکومەت ڕێوشوێنەکان توند دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جۆری کۆڤد 19، ڕەنگە واشتنتن قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سنوری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک ڕابگەیەنێت. دوو کاربەدەست لەم باریەوە قسەیان کردووەو دەڵێن دەشێ بڕیارەکە هاوشێوەی ڕێوشوێنەکانی سنوری نێوان ئەمەریکا و کەنەدا بێت.

ئەم پەتایەی کە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە بە جۆرێک کە ژیانی ئەمەریکاییەکانی ڕاگرتووە، خوێندنگا و کاردارییەکان ڕاگیراون، فشاری بۆ ملیۆنان ئەمەریکایی بردووە کە لە ماڵەکانی خۆیان نەچنە دەرێ و زۆربەیان کاریان لەدەستداوە و گەشتەکانیان ڕاگیراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە هاووڵاتیانی ڕاگەیاندووە ئەگەر پلانی گەشتکردنتان بۆ دەرەوەی وڵات هەیە دەبێت بەرنامەکە هەڵوەشێننەوە و ڕەنگە فشارت بۆ بێت بۆ کاتێکی نادیار لە دەرەوەی ئەمەریکا بمێنیتەوە.

لە کاتێکدا ئەم پەتایە زۆر بە خراپی کاری کردۆتە سەر ئابوری، کۆمارییەکانی سینات بەرنامەیەکی دەسپێشخەری یەک ترلیۆن دۆلاری ئاشکرا دەکەن بۆ دابین کردنی هاوکاری ڕاستەوخۆ بۆ کاردارییەکان و خەڵکی ئەمەریکا. سەرۆک دانۆڵد ترامپ پشتیوانی لەو بەرنامەیە دەکات.

زیاتر لە 13 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 200 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەست داوە، زۆرترین ژمارەی توشبووان لە ویلایەتەکانی واشنتن، نیویۆرک و کالیفۆرنیان.

XS
SM
MD
LG