Accessibility links

کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر داهاتەکانی مایکرۆسۆفت و ئەپڵ


کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕۆژی چوارشەممە مەزەندکردنی داهاتی ئەم سێ مانگەی کەم کردەوە و دەڵێت پێیوایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا فرۆشتنی سۆفتوێرەکان و ئامێرەکانی کەمبونەتەوە.

ئەو کۆمپانیا تەکنۆلۆجیا گەورەیەی ئەمەریکا بوو بە یەکەم گەورەترین کۆمپانیای جیهانی کە هۆشداری لەسەر زیانی دارایی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە ڕابگەیەنێت کە هەتا ئێستا زیاتر لە 2800 کەسی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە.

مایکرۆسۆفت لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند " هەرچەندە هەر وەکو چۆن چاوەڕوانمان کردووە بەرنامەکانی ویندۆس داواکارییەکی زۆری لەسەرە، بەڵام کارەکانی هەناردەکردن خاوترە لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد."

بەرنامەکانی ویندۆس بۆ کۆمپانیاکانی کۆمپیوتەر گەورەترین سەرچاوەی داهاتی مایکرۆسۆفتن، ئەمەش مانای ئەوەیە داخستی کاتی یان هەر ناوبڕێک لەو کارگانەی کە لەلایەن هاوبەشەکانییەوە بەڕێوە دەبرێن ڕووبدات، زیان بە داهاتەکەی ئەمیش دەگەیەنێت.

مایکرۆسۆفت دەشڵێت " لەم کاتە سەختەدا، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە تەندروستی و سەلامەتی کارمەندەکانمان، کڕیارەکانمان و هاوبەشەکانمان."

دەشڵێت " مایکرۆسۆفت بەردەوام دەبێت لە بەخشینی پارە بۆ هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، لەوانەدا ڕاستەوخۆ تەکنۆلۆژیا دابین دەکات بۆ هاوکاری کردنی نەخۆشخانەو کارمەندەکانی تەندروستی."

لە هەفتەی ڕابوردوودا کۆمپانیای ئەپڵیش ڕایگەیاند داهاتەکەی لەم سێ مانگەدا لەوەی چاوەڕوانی دەکرد کەمتر دەبێت و دەڵێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئامێری ئایفۆن بە شێوەیەکی کاتی داواکاری لەسەری لەسەرانسەری جیهاندا کەمتر بۆتەوە بە تایبەتی لە چین کە زۆربەی ئامێرەکانی ئەپڵ لەوێ دروست دەکرێن.

ئەم ڤایرۆسە زیانێکی زۆری بە ئابوری جیهانی گەیاندووە بەهۆی قەدەغەکردنی هاتووچۆ و داخستنی کارگەکان و دوکان و بازاڕەکان لە چین.

XS
SM
MD
LG