Accessibility links

سەرۆک ترامپ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەسەر مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدات


سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی تاوتوێی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، ڕۆژێک پاش ئەوەی داوای کرد مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە سەرانسەری ئەمەریکا لە نزمترین ئاستدا بێت.

ترامپ ڕایگەیاند نوێنەرانی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان لە پاش نیوەڕۆژی ڕۆژی چوارشەممە بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکەن لەگەڵیدا.

ترامپ و ئەندامانی تری بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیامی جۆراوجۆریان لەسەر ئەو ڤایرۆسە بڵاو کردۆتەوە.

نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان ڕۆژی سێشەممە هۆشداری دا بە ئەمەریکاییەکان ئامادەبن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کە نزیکەی 80 هەزار کەس لە جیهاندا توشی بوون و بەڵام حاڵەتەکانی ئەمەریکا هەتا ئێستا زۆر کەم بوون.

بەڵام بەر لەوەی ڕۆژی سێشەممە لە هندستانەوە بگەڕێتەوە، سەرۆک ترامپ گوتی ڤایرۆسی کۆرۆنا " لە وڵاتەکەی ئێمەدا زۆر بەباشی لەژێر کۆنترۆڵدایە".

هەر لەگەڵ گەیشتنەوەیدا لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ترامپ دەستبەجێ دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنەگرانەی کە دەڵێن پێویست بوو زووتر کاری بکردایە بۆ زیادکردنی هەوڵەکانی فیدراڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەو لە تویتێکدا ڕایگەیاند نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان، وەزیری کاروباری تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی کارێکی زۆر باش دەکەن لەو بوارەدا و ڕایگەیاند پاش نیوەڕۆی چوارشەممەش لەوبارەیەوە لێدوانێک دەدات.

دەڵێت " ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام دەدەم. نوێنەرانی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان و کەسانی تریش لەوێ دەبن."

ترامپ ڕەخنەی لە ژمارەیەک میدیاش گرتووە لەسەر چۆنییەتی ڕووماڵکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

XS
SM
MD
LG