Accessibility links

یەکەم ئەمەریکایی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدات


کاربەدەستای ئەمەریکا ڕادەگەیەنن، پیاوێکی ئەمەریکایی تەمەن 60 ساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوی مردنی کەسێکە کە چینی نەبێت بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ملیۆنان چینی پاش پشودانی سەری ساڵی نوێیان، کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە درێژکرابۆوە، دەگەڕێنەوە نێو شارەکان و ماڵی خۆیان.

لە کاتێکدا زۆرینەی هەرە زۆری حاڵەتەکان لە چینە، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لە نزیکەی 24 وڵاتی جیهانیشدا بڵاوبۆتەوە و لە دواین ڕاگەیاندنەکانیشدا پشتڕاست کراوەتەوە 5 هاووڵاتی بەریتانی لە هاوینە هەوارێکی فەرەنسا توشی ڤایرۆسەکە بوون.

گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە چین ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، پیاوە ئەمەریکاییەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری ئوهانی نێوەندی ڤایرۆسەکە گیانی لەدەستداوە. گوتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە" ئێمە لە دڵەوە هاوخەمی خۆمان بۆ خێزانەکەی دەردەبڕین و لەپێناو ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی خێزانەکەی هیچ زانیارییەکی زیاتر نادەین."

وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆنیش دەڵێت ئەو پیاوە ژاپۆنیەی کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو و بەهۆی هەوبوونی سییەکانی لە ئوهان لە نەخۆشخانە بوو، پاش دووچاربوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕۆژی شەممە ژمارەی ئەو کەسانەی لە چین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 722 کەس .

XS
SM
MD
LG