Accessibility links

ئێران هەڕەشەی کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی دەکات


ئێران وتی دەکرێت لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی بکشێتەوە ئەگەر ئەوروپییەکان پەیماننامەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتای هاتنی هەوڵە سیاسییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکەی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا.

پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی لە ساڵی 1987 دا واژۆ کرا بۆ دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی لە سەرتاسەری جیهاندا لە جەنگی ساردەوە، ئەم پەیماننامەیە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهانیش دەگرێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاند ئێران ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی پێشێلکردووە، هەروەها میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوەکییەکانیان لەگەڵ ئێران چالاککرد کە لەکۆتاییدا لەوانەیە ببێتەهۆی ئەوەی ڕێکەوتنەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە و دووبارە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێندرێتەوە بەسەر ئێراندا.

دەزگای هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگا هەواڵیەکانی دیکەی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفەوە بڵاویان کردەوە " ئەگەر ئەوروپییەکان بەردەوام بن لە ڕەفتارە نەگونجاوەکانیان و دۆسیەی ئێرانیان ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد، ئەوا ئێمە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی دەکشێینەوە."

ئاماژەشی بەوەدا ئێران دەتوانێت دوای کشانەوەی لە پەیماننامەکە هەنگاوی دیکە بنێت، بەڵام ئاماژەی بەو هەنگاوانە نەدا.

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا تەنها وڵات کە لەو پەیماننامەیە کشاوەتەوە کۆریای باکوورە، دوای ئەوەی کشایەوە لێی، پشکنەرە ناوەکییەکانی لە وڵاتەکە دەرکرد و بە ئاشکرا چەکی ناوەکی تاقیکردەوە. هەریەک لە وڵاتانی پاکستان و هیندستان کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوەکین، پەیماننامەکەیان واژۆ نەکردووە، لەلایەکی دیکەوە ئیسڕائیلیش پەیماننامەکەی واژۆ نەکردووە و هەتا ئێستا پشتڕاستی نەکردۆتەوە کە ئاخۆ چەکی ناوەکی هەیە یاخود نا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەوی وتی " سەرەڕای ئەو نیازە خراپانەی کە لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیەوە دەیبینین، هێشتا دەرگای گفتوگۆکان لەگەڵ ئەوروپا دانەخراون، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەو وڵاتانەدایە."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا موسەوی وتی " پێم وانیە ئێران ئامادەی گفتوگۆکردن بێت لەژێر ئەو مەرجانەی کە لە مێشکی ئەواندا هەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG