Accessibility links

پاکستان: تالیبان ئامادەیە ئاستی توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان کەم بکاتەوە لە پێناو بەرەوپێشبردنی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمەریکا


پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند تالیبان ئامادەیە بۆ کەم کردنەوەی ئاستی توندوتژیژییەکان ئەمەش بە پێشوەچوونێکی سەرەکی دەبینێت بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەمەریکا وتووێژی لەسەر دەکات.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قورەیشی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکاری کرد کە ئیسلامئاباد هاوکاری ئەو پرۆسەی ئاشتییەی کردووە تا پاکستان، ئەفغانستان و هەرێمەکە سەقامگیر ببێت.

قورەیشی گوتی " ئەمڕۆ پێشوەچوونێکی سەرەکی ڕوویداوە لەم هەوڵانەدا. تالیبان قائیل بووە بە داواکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی. لەو بڕوایەدام ئەمە هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تالیبان. ".

بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات قورەیشی گوتیشی " شتی باش بۆ پاکستان ئەوەیە ئەو بەرپرسیارێتییەی گرتویەتیە ئەستۆ بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشبوونەوەی نێوان ئەفغانیەکان بە شێوەیەکی کاریگەرانە سەرکەوتوو دەبێت."

ئەو وەزیرە پاکستانییەی ئێستا بە سەردانێک لە واشنتنە ئەم قسانەی بەر لە کۆبونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕۆبەرت ئۆبراین کرد.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ڕێبەری تالیبان هەیبەتوڵا ئاخوند ئاگربەستێکی یەک هەفتەیەی لەگەڵ هێزە بیانییەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا پەسەند کردووە بۆ کۆتایی هێنان بەو ئاستەنگەی کە لە بەردەم ڕیککەوتنەکان بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکانە.

کاتێک لەوبارەیەوە پرسیار لە گوتەبێژی تالبیان زەبیحوڵا موجاهد کرا بۆ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت " من ئێستا خەریکی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانم و لە ماوەیەکی کورتدا وەردەکارییەکانیان بڵاودەکەمەوە"

XS
SM
MD
LG