Accessibility links

هاوکاتی ماتەمینی بۆ سولەمیانی و ئەلموهەندس لە بەغدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەوان دەستیان هەبووە لە کوشتنی عێراقییەکاندا


دەیان هەزار کەس ڕۆژی شەممە لە ڕێپێوانێکدا بە ناو بغدا بەشداریان لە ڕێوەڕەسمی ماتەمینی بەڕێکردنی تەرمی فەرماندەی باڵای لەشکری ئێران و ڕێبەری گروپێکی چەکداری عێراقی کرد کە لە هێرشێکی ئەمەریکادا کوژران.

هاوکات سەرۆکی وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق عادل عەبدولمەهدیش بەشداری ئەو ڕێپێوانەی کرد بۆ پرسەی قاسم سولەیمانی فەرماندی باڵای هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

زۆربەی هەرەزۆری ئەو خەڵکەی بەشداریان لە پرسەی ماتەمینیەکەدا کردووە بەرگی ڕەشیان لەبەرکردووە و ئاڵای عێراق و ئاڵاکانی میلیشیا شیعەکانیان بەرزکردۆتەوە کە لەلایەن ئیرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەندێک لەوانە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەڵێنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند " قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلموهەندس بەرپرسیار بوون بەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی عێراقی کە دژی گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێران بوون لە کاروباری عێراقدا. بۆیە خەڵکی ئاسایی عێراق پرسەی ناگێڕن بەڵکو خۆشحاڵی دەردەبڕن."

هەر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنکەکە چەنین گرتەی ڤیدیۆیی خۆپیشاندەرانی عێڕاقی لە لە بەغدا بڵاو کرایەوە کە ئاڵای عێڕاقیان بەرز کردبۆوە و خۆشحاڵییان دەردەبڕی.

ئێرانیش بەڵێنیداوە کە تۆڵەبکاتەوە، بەڵام لەلایەن ڕێبەرانی جیهانەوە داوای دانبەخۆداگرتن دەکرێت لەترسی هەڵگیرساندی جەنگ لەناوچەکەدا.

سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکان دانۆڵد ترامپ رایگەیاندبوو کە ئەو بڕیاری بۆردومان و کوشتنی قاسم سولەیمانی دەرکردبوو بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی کە سولەیمانی پێشتر لێدوانی دابوو کە پلانیان هەیە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەناوچەکەدا.

هەروەها تڕامپ وتبوشی ئەو بڕیارەی داوە لەپێناو وەستاندنی جەنگ نەک هەڵگیرساندنی شەڕ.

XS
SM
MD
LG