Accessibility links

باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کوشتنی سولەیمانی " کرداری شەڕە"


دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی هەینی گوتی باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتنەکەی یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی لەشکری وڵاتەکەی بە کرداری شەڕ ناودێر کردووە.

کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە بەغدا بەرزترین ئاستی تەنگەشەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوو سەرەڕای ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ سورە لەسەر ئەوەی شەڕی نەوێت.

بەڵام لە میانەی وتووێژەکەی شەوی هەینی لەگەڵ کەناڵی CNN باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان مەجید تەخت ڕەوانچی گوتی " لە ڕاستیدا ئەمە کرداری شەڕ بوو لەلایەن ئەمەریکا دژ بە گەلی ئێران."

ڕەوانچی گوتیشی " شەوی ڕابوردوو ئەمەریکا دەستیکرد بە شەڕی لەشکری بە کوشتن بە کرداری تیرۆر دژ بە یەکێک لە سەرکردە باڵاکانمان. جا دەبێت چاوەڕوانی چی بکرێت لە ئێران؟ ئێمە ناتوانین هەر بێدەنگ بمێنینەوە. دەبێت کردارێک بکەین و دەیکەین."

ڕەوانچی هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەشی کرد و گوتی " ئێمە ناتوانین چاوداخەین لە ئاست ئەوەی شەوی ڕابوردوو ڕوویدا. بێگومان تۆڵە دەسەنرێتەوە، تۆڵەیەکی بەزەبر."

هەر پاش ئەم لێدونانە شەوی هەینی سەرۆک ترامپ لە میانەی وتارێکیدا بۆ پشتیوانانی لە مەیامی گوتی سولەیمانی خەریکی پلانداڕشتن بوو بۆ " هێرشێکی گەورە" و ئامادەکاری دەکرد بۆ چەندین " هێرشی دژ بە ئەمەریکاییەکان".

سولیەمانی کە لەمێژە بە یەکێک لە بەرهەڵستە کوشندەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دادەنرا، یەكێک بوو لە کەسایەتییە هەرە بەدەسەڵاتەکانی هەرێمەکە کە بەرنامەی سیاسی و لەشکری ئێران لە سوریا، عێڕاق و یەمەن دادەنا.

XS
SM
MD
LG