Accessibility links

کۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێدێت


ڕۆژی چوارشەممە دووا ڕۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.لە دووا ڕۆژی کۆنگرەکەدا دکتۆر بەرهەم ساڵح وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی "ئەمڕۆ بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژێكی مێژووی و پرشنگداری ترە كە بەهەوڵی ئەندامە دڵسۆزەكانی توانی سەركەوتوانە لەهەلومەرجێكی ئاڵۆزو دۆخێكی ئاوا سەختدا بەسەركەوتوانە كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بەئیرادەیەكی پۆڵاینەوە بەرەوڕووی هەموو ئەو گرفتانە ببێتەوە كە لەبەردەمیدا هەبوون".

لە بەشێکی وتارەکەیدا دکتۆر بەرهەم گوتیشی " پێویستە لەگەڵ لایەن سیاسیەكانی عێراق هاوكاربین بۆ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و دادبینكردنی پێداداویستی هاووڵاتیان و دابینكردنی مافە دەستورییەكانیان".

لە کۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدائەنجومەنی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتی هەڵبژێردران و دەستنیشان کران.

ئەنجومەنی سیاسی ( ئەنجومەنی دانایان) کە لەلایەن کۆنگرەوە دەستنیشان کران لە نۆ کەس پێکهاتوون و ئەنجومەنەکە لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. هەروەها هەشت ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیش ئەندامن لەم ئەنجومەنەدا ئەوانیش بریتین لە مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، جەعفەر شێخ مستەفا، حاکم قادر، دلێری سەید مەجید، ئەرسەلان بایز ، عومەر فەتاح و عەدنان موفتی.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی گشتیش کە لە 121 کەس پێکهاتوون سێ کەسیان بە تەسکیە، کە بریتی بوون لە دکتۆر بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق دیاری کران، هەروەها 118 کەسی تریش هەڵبژێردران.

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی هەڵبژێردراوی سەرکردایەتی یەكێتی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "کۆنگرەی یەکێتی لە ڕووی شەفافیەت و کارە هونەرییەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەوە کۆنگرەیەکی تەواو سەرکەوتوو بووە".

لە کۆنگرەکەدا جگە لە جەمیل هەورامی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی کە خۆی کاندید نەکردەوە، هەورها سامان گەرمیانی ئەندامی پێشوی سەرکردایەتی کە دەرنەچوو، زۆربەی سەرکردەکانی پێشوی یەکێتی هەڵبژێرداونەتەوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن لە نێو خێزانی تاڵەبانیدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و پاڤڵ تاڵەبانی وقوباد تاڵەبانی بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، ئەمە جگە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و چەند کەسێکی تری نزیک لە خێزانی تاڵەبانیش.

هەروەها دوو کوڕی شێخ جەنگی تاڵەبانی برای مام جەلالیش بۆ سەرکردایەتی درچوون کە بریتین لە لاهور شێخ جەنگی و ئاراس شێخ جەنگی، ئەمە جگە لەوەی لە خانەوادەی کۆسرەت ڕەسوڵیش، خودی کۆسرەت ڕەسوڵ و دوو کوڕی بۆ سەرکردایەتی دەرچوون.

لەم بارەیەوە پۆڵا تاڵەبانی گوتی "ڕاستە ئێمە هەمومان تاڵەبانین بەڵام بە ئیستیحقاقی خۆمان و دوای بڕینی پلە حیزبییەکان بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردراین."لەبارەی هەنگاوی داهاتووی سەرکردایەتی یەکێتییەوە گوتی " سەرکردایەتی نوێی یەکێتی لە ماوەی 45 ڕۆژدا سەرۆکی نوێی یەکێتی و جێگرەکانی هەڵدەبژێرێت."

بەشێکی تر لەو سەرکردانەی یەكێتی کە لە کۆنگرەدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، لە بەرپرسای ئەمنی و ئەو کەسانە پێهاتوون کە لە دامەزراوە داراییەکانی ئەو حیزبەدا کاریان کردووە.

XS
SM
MD
LG