Accessibility links

ئوسترالیا ڕووبەڕووی بارودۆخی ئاگرێکی کارەساتاوی دەبێتەوە


هۆشداری ئاگرێکی کارەساتاوی لە چەند بەشێکی واڵسی باشوری نوێ لە ئوسترالیا ڕاگەیاندراوە بە سدنیشەوە. کارمەندانی بەهاناچوونیش بەربەرەکانی دەکەن بۆ کوژانەوەی گڕی دارستانەکانی ولایەتەکانی ڤیکتۆریا و باشوری ئوسترالیا.

زۆرترین کارمەندی فریاکەوتن لە واڵسی باشوری نوێ بڵاو بوونەتەوە. نزیکەی 100 ئاگری گەورە لە سەرانسەری ئەو ولایەتە هەرە بەناوبانگەی ئوسترالیا کەوتۆتەوە. نزیکەی نیوەی ئاگرەکان لە کۆنترۆڵدا نەماون. ئەو دانیشتوانەی ڕێگەی سەرەکی سەر ئاگرەکە لە نزیک سدنی گیریان خواردووە پێیان گوتراوە تازە زۆر درەنگە دەربچن و ئامۆژگاریان کردوون کە لە ناو باڵەخانەی بەردیندا بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە گەرمی گڕەکە خۆیان بپارێزن.

شەپۆلێکی گەرمای زۆریش بەشەکانی وڵاتەکەی گرتۆتەوە بەهۆی گڕەکەوە و هاوکات زەویش زۆر وشک بووە.

ڕاب ڕۆجەرس بەرپرسی ئاگرکوژێنەرەوە لە والسی باشوری نوێ دەڵێت مەترسییەکان بێئەندازەن. ڕۆجەرس گوتی " ئێمە ناتوانین ئەوە مسۆگەر بکەین کە هەر کاتێک کەسێک پێویستی بە ئاگرکوژێنەرەوە بوو بتوانین دەستبەجێ ئامادە بین. جا بۆیە چاوەڕوان مەکەن ئاگرکوژێنەرەوە بگات. ئێمە هەوڵێکی زۆر دەدەن نەگاتە ئەو ئاستە. ئێوەش چاوەڕوان هۆشدارییەکان مەکەن. دەستبەجێ بیر بکەرەوە کە پێویستە چی بکەین ئەگەر لەسەر ڕێگەی ئەو ئاگرە بوی."

لە ولایەتەکانی ڤیکتۆریا و ئوسترالیای باشوریش هۆشداری باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە و لە ئێستادا کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە گیانی لەدەست داوە و کەسێکی تریش بە سەختی بریندارە.

ئاگرەکەی کە نزیکەی 330 کیلۆمەتر لە مێلبۆرنەوە دوور بووە زۆر گەورە بۆتەوە بە پێی کاربەدەستان ئاگرەکە لە ئێستادا خۆی کەش و هەوای خۆی دروست دەکات.

هاوکاتی ئەو گڕانە بۆ دووهەم ڕۆژە خۆپیشاندان لەبەردەم ئۆفیسی سەرۆک وەزیر لە سدنی بەردەوامە. سکات مۆریسن ڕەخنەیەکی زۆری لێ گیراوە بەهۆی ئەوی لە میانەی ئەم ئاگرەی وڵاتەکە ئەو چووە بۆ پشودان بۆ هەوایی. ئەو داوای لێبوردنی کردو و گوتی بەرەو وڵات دەگەڕێتەوە. زۆربەی ئوسترالیەکان مۆریسن و حکومەتە پارێزکارەکەی تاوانبار دەکەن بەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.

XS
SM
MD
LG