Accessibility links

بۆچوونی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لەسەر ئیمپیچکردنی سەرۆک لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە


لە کاتێکدا وەرزی پشودانی جەژنی کرسمس و سەری ساڵی نوێیە، خەڵکی زیاتر کۆڕو کۆبونەوە ئەنجام دەدەن و پێکەوە دادەنیشن بۆ بەسەر بردنی کات،بابەتی ئیمپیچکردنی سەرۆکی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆتە تەوەری سەرەکی بابەتەکانی مشتومڕەکانی خەڵکی ئەمەریکا.

لە ئێستادا لە هەمو کات زیاتر خەڵکی ئەمەریکا تاوتوێی سیاسەت دەکات ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئەوەیە کە ئیمپیچکردن شتێک نییە کە باو بێت یان زۆرجار لە مێژووی ئەمەریکادا ڕوویدابێت سەرۆک ترامپ تەنها سێهەم سەرۆکە لە مێژوودا کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئیمپیچکراوە.

لە ئێستادا وڵات بە تەواوەتی لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوون بیروڕای خەلکیش وەکو کۆنگرێس دابەش بووە، هەندێک پێیان وایە ترامپ شایستەی ئەوە بوو هەندێکیش بە تەواوەتی بە کردارێکی سیاسی دەبینن.

مارک مێککوین کارمەندێکی حکومەت لە شاری تالاهاسی فلۆریدا دەڵێت " پشێوی و ئالۆزی لە سەرانسی وڵاتدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە."

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە نزیکەی شەش ولایەتی کە زۆر گرنگن بۆ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 ڕاپرسییەکی لە نێو خەڵکیدا سەبارەت بە ئیمپیچمێنتەکە کردووە و دەپرسێت بۆ ئایە دەنگ دەدەیت بە بەرهەڵستە دیموکراتەکەی ترامپ.

لە ولایەتی ئەریزۆنا لە دەمی ئیمپیچکردنی ترامپ، لە دەرەوەی بازاڕێکی نزیک فینیکس منداڵان بە دەوری داری کرسمسەوە گۆرانیان دەگوت و خۆشحاڵی خۆیان لەم وەرزە پشوودانەدا دەردەبڕی. ئانا داگتێری تەمەن 34 ساڵان کاتێک ساتەوەختی ئیمپیچکردنەکەی لە شاشەی موبایلەکەی بینی هاوری کرد " هەیی" ئەو گوتی ترامپ " زۆر بێڕێزە نەک تەنها بۆ ژنان بەڵکو بۆ هەمو کەسێک."

بەڵام لەوێدا خەڵکێکی کەم لە نێو گەنجەکان گرنگیان بەو دەنگدانە مێژووییە دەدا، زیاتر خەڵکی سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیان بوون لەگەڵ ئەو دارەی کە بۆ کرسمس ڕازابۆوە و لە زۆربەی باڵەخانەکانی دەوروبەر بەرزتر بوو. و دایکان و باوکانیش چاویان بڕیبۆ منداڵەکانیان کە یارییان دەکرد.

ڕوودی دارگۆن کە دەرمانسازە کاتێک هەواڵەکی بیست پێی ناخۆش بوو گوتی " پێم وابێت پێویستە واز لەم پیاوە بهێنن، پێم وا نییە بتوانیت وڵاتێک بەڕێوەبەریت بەبێ ئەوەی چەند هێلکەیەک بشکێنیت."

لە دەیان باڕ و ڕێستورانت دووکانی ئایسکریم و ساڵۆنەکانی ناوچەکە تەلەفیزیۆنەکان لەسەر کەناڵەکانی وەرزش، فیلم و گۆرانی دانرابوون. کەس نەیخستبۆ سەر هەواڵەکانی دانیشتنەکەی کۆنگرێس.

ستیڤ ئاندرسنی تەمەن 30 ساڵانی خەڵکی مێسا کە شێڤی دووکانێکی دروستکردنی شیرینییە کە باسی ڕووداوەکەی کرد گوتی " لەلایەکەوە دەڵێم کاتی بوو بەڵام لەلایەکیشەوە دەڵێم دەمانتوانی ڕێگەی پێ بدەین تێرمەکەی تەواو بکات چونکە وا خەریکە تەواو دەبێت."

لە لاس ڤێگاسیش ئێدی ڕامۆس چالاکوانێکە کە زۆر لە نزیکەوە چاودێری سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەکات هیوادارە سیناتیش بتوانێت دەنگ لە دژی بدات تا لە سەر کار لابدرێت. ئەو گوتی " نیگەرانی من ئەوەیە هەمو بەڵگەکان لەوێن و کۆمارییەکان نایبینن، بەڵگەکانیان لەبەردەستەو نایانەوێت گوێ بۆ کەس ڕابگرن."

لە نیو هامشەر کە یەکێکە لە ولایەتە گرنگەکان بۆ دەنگدان چوونکە دەنگی یەکلاکەرەوەی زۆر تێدایە، لە ڕێستورانتی پوریتان باکرووم لە شاری مانچستەر تەلەفیزۆنەکە لەسەر مشتومڕەکانی ئیمپیچکردنەکە بوو. کرس پاپاس ئەندامی کۆنگرێسی دیموکرات نوێنەری نیو هامشەر یەکێکە لە دوو خاوەنەکەی ئەو ڕێستورانتە و چەند ڕۆژێک پێش پرۆسەکە ڕایگەیاند پشتیوانی لە هەردوو بەندەکە دەکات بۆ بەفەرمی تاوانبارکردنی سەرۆک.

لەو ڕێستورانتەدا کەسێک لە دەمی ئەنجامی دەنگدانەکەی یەکەم بەند بۆ ئیمپیچکردنەکە هاواری کرد و خۆشحاڵی دەربڕی بەڵام ژنێک لەولاوە بە دەنگی بەرز گوتی ڕۆژێکی زۆر خەمناک بوو.

لە سەر مێزێکی نزیک لە تەلەفیزیۆنەکە سوزەن برێنتسنی تەمەن 54 ساڵان دانیشتبوو ئەوە ژنێکی کۆماری بوو و کارمەندی بانک بوو گوتی لە ساڵی 2016 دەنگی بە ترامپ داوەو وا هەست ئەکات ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵ دەدەن دەنگەکەی پوچەڵ بکەنەوە. ئەو گوتیشی پێشتر بۆ کۆنگرێس دەنگی بە پاپاس داوە بەڵام گوتی " من جارێکی تر دەنگی پێنادەمەوە هەرچەندە زوو زوو دێمە ڕێستورانتەکەی."

بەڵام لەبەردەم ڕێستورانتەکە جەیمس ئادمۆنیسی تەمەن 39 ساڵان تێپەڕ بوو ئەو سەربازێکی پێشووی هێزی دەریاییە، پشتیوانی خۆی بۆ ئیپیچکردنەکە دەربڕی و گوتی " ئەو هیچ شتێکی بۆ ئەم وڵاتە نەکردووە، بەتایبەتی بۆ سەربازە دێرینەکانی وەکو خۆم، ئەو سەرۆکێکی زۆر خراپە هەمو شتێکی درۆیە."

ڕۆبەرت جەیمسی تەمەن 72 ساڵان لە ناوبازاڕێکی لۆس ئانجلسی کالیفۆرنیاوە تەماشای دەنگدانەکەی کۆنگرێسی لە واشنتن دەکرد هاوکات چاوەڕوانی هاوڕییەکی بوو. ئەو گوتی پێویستی بەوە نەکرد کە تەماشای مشتومڕەکە بکات چونکە پێشتر هەمو خاڵەکانی بیستبوو. گوتی وەکو ئەوە وایە تۆ هەر قسە بکەیت و کەس گوێت بۆ نەگرێت. جەیمس گوتیشی ئەم ئیپیچکردنە کوشتنی کاتە، لە کاتێکدا ترامپ پێویستی بەوەش بوو مۆرکی ڕەفتاری نەبەجێی لێ بدرێت.

بەڵام لە ناو هەمان بازاڕ جێک مۆرفی تەمەن 25 ساڵان پێی وابوو ئەو ئیپیچکردنە بایەخێکی زۆری هەیە. ئەو دەڵێت " دەیان ساڵی تر کاتێک دەڕوانینە مێژوو دەبینین ڕاستە لەسەر کار لانەدرا بەڵام لە ئاستی ڕەفتارەکانی بێدەنگیش نەبووین."

مۆرگان ئۆسیلڤای تەمەن 31 ساڵان خاوەنی باڕێک لە دێنڤەر کە دیموکراتە لە دەمی کارکردنیدا هەر دەیڕوانییە تەلەفۆنەکەی بۆ ئەوەی بزانێت بڕیارەکە چی دەبێت.

ئەو هیواداربوو کۆری گاردنەری کۆماری نوێنەری ولایەتەکەی نەکەوێتە دوای بڕیاری سیاسی و بە ویژدانەوە دەنگ بدات. ئەو گوتی " ئەگەر گاردنەر سەربەخۆیی خۆی نیشان بدات ئەوا ڕێزێکی بێپایانم دەبێت بۆی." بەڵام هیواکەی نەهاتە دی و هیچ کۆمارییەک دەنگیان بۆ ئیمپیچکردنەکە نەدا.

XS
SM
MD
LG