Accessibility links

هێرشبەرەکەی لەندەن پێشتر بە تاوانی تیرۆرسم زیندانی کرابوو


پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانی ڕۆژی شەممە بەردەوام بوو لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی چۆن پیاوێکی کە بە تاوانی تیرۆرسم زیندانی کرابوو و ساڵی ڕابوردوو ئازاد کراوە، توانیویەتی لەسەر پردی لەندەن چەقۆ لە چەند کەسێک بدات بەر لەوەی لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێبکرێت و بکوژرێت. دوو کەس لەو هێرشەدا کوژران و سێ کەسیش بریندار بوون.

نیل باسو بەرپرسی بەشی دژە تیرۆری پۆلیسی لەندەن، گوتی عوسمان خانی تەمەن 28 ساڵان بەشداری بەرنامەیەک بوو کە کار بۆ پەروەردەکردی زیندانیان دەکات، کاتێک هێرشەکەی لە ڕۆژی هەینی لە شوێنێک ئەنجام دا کە تەنها چەند مەترێک دوور لەو شوێنەی کە ڕووداوەی چەقۆوەشاندنە کوشندەکەی ساڵی 2017 ی لێ ئەنجام درا.

باسو گوتی بەوە دەچوو هێرشبەرەکە هێلەکی تەقەمەنی لەخۆی بەستبێت بەڵام پاشان دەرکەوت کە ساختە بوو. پۆلیس ڕووداوی ئەو چەقۆ وەشاندنەی بە هێرشێکی تیرۆرستی لەقەڵەم دا و لەم کاتەدا بەدوای هیچ گومانبارێکی تردا ناگەڕێن.

کاربەدەستانی تەندروستی دەڵێن یەکێکیش لە بریندارەکان برینەکەی مەترسیدارە بەڵام ڕەوشی تەندروستی جێگیرە. پۆلیس نێوی ئەو دوانەشی ئاشکرا نەکردووە کە لە ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی کوژراون.

ئەم هێرشە پرسیاری زۆر سەخت ڕووبەڕووی بەرپرسانی ئاسایشی بەریتانیا دەکاتەوە لە کاتێکدا خان لە ساڵی 2012 بە تاوانی تیرۆرسم زیندانی کرا و لە مانگی 12 ی ساڵی 2018 بە "مۆڵەت" ئازاد کرا، مانای ئەوەیە دەبوو چەند مەرجێک جێبەجێ بکات هەتا نەخرێتەوە زیندان یەکێکیش لەوانە بەرنامەی پەروەردەی زیندانیان بوو.

XS
SM
MD
LG