Accessibility links

تۆڕی ئەنتەرنێت لە چەند بەشێکی ئێران دەکرێتەوە


ئاژانسەکانی دەنگوباسی ناوخۆیی ئێران و دانیشتوان ڕادەگەیەنن ڕۆژی پێنجشەممە لە تارانی پایتەخت و هەندێک ناوچەی تری ئێراندا تۆڕەکانی ئەنتەرنێت کراونەتەوە ڕۆژێک پاش ئەوەی تۆڕی ئەنتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتەکە بچڕابوو بە مەبەستی کۆتاهیهێنان بەو خۆپیشاندانانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی دەستیان پێکرد و توندوتیژی لە سەرانسەری وڵاتەکە لێ کەوتەوە.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە دەڵێت ئارامی گەڕاوەتەوە بۆ سەرانسەری ئێران، پاش ئەو خۆپیشاندانانەی کە ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت زیاتر لە 100 کەسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تێدا کوژراون و حکومەتیش ئەو ئامارە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت گەورە کراوەتەوە.

ئاژانسی نمیچە فەرمی فارسیش لە زاری کاربەدەستێکی نەناسراوەوە دەڵێت " تۆڕی ئەنتەرنێت هێواش هێواش لە وڵاتەکە دەکرێتەوە".

ئەو کاربەدەستە نەناسراوە بە فارسی گوتووە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە فەرمانی بڕینی تۆڕەکانی ئەنتەرنێتی دابوو لە ئێستادا کردنەوەی هێڵەکانی لە هەندێک ناوچەدا پەسەند کردووە. بە پێی ڕاپۆرتەکانیش هێڵی ئەنتەرنێت لە هورموزگان، کرماشان، ئارەک، مەشهەد، قوم، تەبرێز، هەمەدان و بوشەهر و هەندێک لە ناوچەکانی تارانیش کراونەتەوە.

بڕینی ئەنتەرنێت وای کرد کە خۆپیشاندەران نەتوانن ڤیدیۆو وێنە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر و هەروەها گەیشتنی ڕاپۆرتی باوەڕپێکراویشی لەسەر نائارامییەکان سەختتر کرد.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 15 ی ئەم مانگە دەستیپێکرد پاش ڕاگەیاندنێکی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی بەلایەنی کەم لەسەدا بە ڕێژەی لەسەدا پەنجا. سەرەتا خۆپیشاندانەکان لە چەند شارۆچکەیەکەوە دەستیپێکرد و پاشان بۆ 100 شارو شارۆچکەی سەرانسەری کۆماری ئیسلامی ئێران تەشەنەی سەند. دەستبەجێ خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان دژ بە گرانبوونی سوتەمەنی گۆڕا بۆ داواکاری سیاسی و داوای دەستلەکارکێشانەوەی کاربەدەستە باڵاکان دەکرا.

ڕۆژی پێنجشەممە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی هەزاران کەسی نیشان دا کە ڕێپێوانی پشتیوانی حکومەتیان لە دەیان شار ئەنجام داوەو تیایدا ئاڵای وڵاتەکەو دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردۆتەوە لەوانەدا دروشمی " ئاژاوەگێڕی خۆپیشاندان نییە."

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت 106 کەس لە سەرانسەری ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسیشەوە کوژراون.

XS
SM
MD
LG