ئاژانسی دەنگەباسی ISNA ی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لەو خۆپیشاندانانەی کە پاش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ڕوویاندا کەسێک لە شاری سیرجان کوژراوە.
ڕۆژی هەینی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند نرخی لیترێک گازۆلن لە 10 هەزار ڕیاڵەوە دەبێتە 15 هەزار ڕیاڵ و بۆ هەر ماشێنێک تەنها 60 لیتر دانراوە، ئەگەر لەو ئاستە زیاتر بکڕن دەبیتە 30 هەزار ڕیال بۆ هەر لیترێک.
ئەم هەنگاوەی کاربەدەستە باڵاکانی ئەنجومەنی ئابوری وڵاتەکە توڕەبوونی لە سەرانسەری وڵاتەکە دروست کرد. ئێرانییەکان لە ساڵی ڕابوردۆوە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری ئابوری بوونەتەوە لەو کاتەوەی کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاری یەکلایەنانەی بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی دا و سزای ئابوری خستەوە سەر ئەو وڵاتە.
ئاژانسی دەنگوباسی ISNA لە زاری کاربەدەستێکی خۆجێگی محەمەد مەحمودئابادییەوە ڕایگەیاندووە " کەسێک لە سیرجان کوژراوە بەڵام ئێمە لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراوە یان نا."
ئەو گوتیشی چەند کەسێکی تریش بریندار بوون کاتێک پیاوێکی دەمامکراو چووە ناو خۆپیشاندانەکان لە سیرجان و لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا پێکدادانی دروست کرد. ئەو گوتیشی " هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان پێ نەدراوە تەقە لە خەڵکی بکەن.. و ئێستا ڕەوشی شارەکە ئارامە."
ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئێران IRNA ش دەڵێت " لە میانەی خۆپیشاندانێی توند لە سیرجان خەڵکی هێرشیان کردۆتە سەر عەمباری سوتەمەنی و هەوڵیان داوە گڕی تێبەردەن"
ڕێبازی ئەوپەڕی فشاری واشنتن بۆ سەر ئێران زۆر بە خراپی کاری کردۆتە سەر داهاتی نەوتی ئێران و ئابوری وڵاتەکەی داڕماندووە و نرخی دراوی وڵاتەکەش زۆر داشکاوە.
میدیا خۆجێهییەکان دەڵێن خۆپیشاندانەکان ڕۆژی شەممەش بەردەوامە. خەڵکی هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین دیمەنیان بڵاو کردۆتەوە کە نیشان دەدات پۆلیس گازی فرمێسکڕژێن بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران لە چەندین شاری ئێراندا. بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت وێنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنێکی سەربەخۆوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.