Accessibility links

دەستپێشخەرییەک بۆ فراوانکردنی چارەسەری نەخۆشی شەکرە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپێشخەرییەکی نوێی دەستپێکرد کە بڕوا دەکرێت کارئاسانی زیاتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئینسولینی نەخۆشی شەکرە بە نرخێکی هەرزان لە کاتێکدا ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە هەتا دێت زیاتر دەبێت.

زیاتر لە 420 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا نەخۆشی شەکرەیان هەیەو پێویستیان بە ئینسولینە تا بتوانن ژیانیان بەردەوام بێت. نەخۆشی شەکرە ئەو نەخۆشییەیە کە پێشا زیاتر لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا هەبوو بەڵام ئێستا لە وڵاتە هەژارو و ناوەندییەکاندا باوە.

لە بازاری جیهانیدا ڕێژەی کەرەستەی ئینسولین بە پێی پێویست هەیە، بەڵام دەرمانەکە زۆر گرانبەهایەو زۆر کەس ناتوانێت لە وڵاتانی بەرەوڕسکانچوودا ئەو دەرمانە بکڕێت. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت پێی وایەیەکەم بەرنامەی گونجاوی ئینسولین بە شێوەیەکی فراوان ژیانی خەڵکی هەژار ڕزگار دەکات و دەرمانەکە بە نرخێکی زۆر بە هەرزانتر وەردەگرن.

ئەو بەرنامەیە هەوڵێکە بۆ دابین کردنی دەرمانێکی کاریگەر و سەلامەت بۆ نەخۆشەکان. ئەمەر کوک بەڕێوەبەری یاساو ڕێساکانی دەرمان و تەکەنەلۆژیای تری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت " هەر کەسێک بەشداری لەو بەرنامەیەی ڕێکخراوەکە بکات دەشێ دڵنیابێت لەوەی کە دەرمانەکان پارێزراون و کاریگەرییان دەبێت." ئەو دەشڵێت " ئێمە هیوادارین بە زیادکردنی ژمارەی دەرمانی بە کوالیتی ئینسولین نرخەکانیش کە ببنەوە"

سێ کۆمپانیای گەورە بازاری جیهانی ئینسولینیان کۆنترۆل كردووە. ئەوان نرخێکیان بۆ ئەو دەرمانە داناوە کە بۆ زۆر کەس و وڵات ئەمە نرخە زۆرە. لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی بۆ کەسێک کە نەخۆشی شەکرەی هەبێت دەرمانەکانی 450 دۆلاری لە مانگێکدا تێدەچێت.

بۆ ئەم دەستپێشخەرییەش ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زانیارییەکانی لە 24 وڵات و ناوچەی جیهاندا کۆکردۆتەوە. لە ژمارەیەک لەو وڵاتانەدا زانیارییەکان نیشانی دەدەن ڕێژەی تێچوونی مانگێک دەرمانی ئینسولین لە نێوان 15 بۆ 20 لەسەدای داهاتی کارمەندێکە.

نەخۆشی شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا. دەشێ ئەم نەخۆشییە ببێتە هۆکاری جەڵدەی دڵ و مێشک، ڕاوەستانی گورچیلە، لەدەستدانی بینایی ولەدەستدانی توانایی قاچ.

لە هەمانکاتیشدا بەرزی کێش و نەخۆشی قەڵەوی و هەروها وەرزش نەکردن هۆکاری سەرەکین بۆ توش بوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کە باوترین جۆری شەکرەیە.

ئەم نەخۆشییە بە ئینسولین چارەسەر دەکرێت و زۆربەی جار دەشێ بە گۆڕانی شێوازی ژیان، وەرزش کردن و خۆراکی تەندروست، ڕێگەری لێ بگیرێت.

XS
SM
MD
LG