Accessibility links

سەرۆک ترامپ بەڵێن دەدات تۆماری نوسراوی پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا بڵاو بکاتەوە


سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت تۆماری نوسراوی قسەکانی مانگی چواری بە ڕێگەی تەلەفۆنلەگەڵ ڕێبەری نوێی ئۆکرانیا بەر لە کۆتایی هەفتە بڵاو دەکاتەوە.

ئەو بەڵێنەی ترامپ بۆ بڵاو کردنەوەی یەکەم تۆماری نوسراوی وتووێژەکەی لەگەڵ ڤلۆدیمیر زلیلێنسکی ڕۆژێک بەر لەوەیە کە لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ شیانی لەکارخستنتی ترامپ بگاتە قۆناغی دانیشتنی گشتی.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا لە 25 ی مانگی حەوت بۆتە نێوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموکرات لەسەر ترامپ، کە تیایدا داوای لە زیلێنسکی کردووە لێکۆڵینەوە لەسەر خێزانی جۆ بایدندنی بەرهەڵستی بکات. ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند تۆماری نوسراوی ئەو پەیوەندییەی مانگی 4 بڵاو دەکاتەوە.

ترامپ هەمیشە لێکۆڵینەوەکانی بە شتێکی بێ بناغە لەقەڵەم داوەو دەڵێت هیچ شتێک بەدەست ناهێنن. لە ڕۆژی دووشەممەش جارێکی تر هێرشەکانی دووپات کردەوە بەر لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵانەی ڕۆژی سەربازانی دێرین ترامپ لە تویتێکدا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو گوتی ئەندامی کۆنگرێس ئادەم شێف بەرپرسی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران تۆماری نوسراوی هەشت کاربەدەستی گۆڕیوە کە بەم دواییانە لە پشتی دەرگای داخراو لە کۆنگرێسی ئەمەریکا گەواهیان داوە.

بە پێی تۆمارە نوسراوەکانی گەواهییەکانی دیپلۆماتانی ئێستاو پێشوو و کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی باس لەو وردەکارییانە دەکەن کە چۆن ترامپ و دەوروبەرەکەی فشاریان بردووە بۆ ئۆکرانیا تا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر جێگری پێشوی ئەمەریکا جۆ بایدن، کە یەکێکە لە کاندیدە سەرەکییەکانی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی 2020، و هەنتەر بایدنی کوڕی بکات کە بۆ کۆمپانیایەکی گازی ئۆکرانی کاری کردووە و هەروەها ئەو دەنگۆیە بڵاو بکاتەوە کە ئۆکرانیا دەستی وەردابوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 نەک ڕوسیا کە دەزگای موخابەراتی ئەمەریکا ڕایگەیاند.

لە ئیستادا لێکۆڵینەوە لەسەر ترامپ بە شێوەیەکی فەرمی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و دوور نییە لە ماوەیەکی کورتدا دەنگ بدرێت لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆک ترامپ و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەو بڕیارە پەسەند بکرێت چونکە زۆرینەی دیموکراتن بەڵام پاش ناردنی دۆسێکە بۆ بەردەم سینات پەسەند کردنی سەختە بەهۆی زۆرینەیی کۆمارییەکان لە سینات.

هەتا ئێستا سێ جار لە مێژووی ئەمەریکا سەرۆک لەلایەن کۆنگرێسەوە تاوانبار کراوە. ئەندۆر جۆنسن لە ساڵی 1868 و بل کڵنتن لە ساڵی 1998 بەڵام ئەم دوانە هیچیان لەسەر دەسەڵات لانەدران. سێهەم سەرۆک ڕیچارد نسکسن بوو کە لەساڵی 1974 بەر لەوەی ڕووبەڕووی دەنگدانی فەرمی بۆ لەکارخستنی ببێتەوە خۆی دەستیلەکار کێشایەوە.

بە پێی دەستووری ئەمەریکا سەرۆک یان هەر کاربەدەستێکی حکومەت دەشێ متمانەی لێ وەرگیرێتەوە بەهۆی " خیانەت کردن، بەرتیل دان یان هەر تاوانێکی گەورە یان ڕەفتاری نابەجێ و تاوانی بچووک. هەتا ئێستا هیچ سەرۆكێک ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە لەسەر خیانەت کردن یان بەرتیل دان نەبۆتەوە، هەمو دۆسێکانی لێکۆڵینەوە لە سەرۆک لەسەر " تاوانی گەورە یان ڕەفتاری نابەجێ" بووە.

XS
SM
MD
LG