Accessibility links

لە پاش کوشتنی ڕێبەرێکی جیهادی ئسیلامی نزیکەی 50 موشک لە کەرتی غەززەوە هەڵدەدرێتە نێو شارەکانی ئیسرائیل


ئیسرائیل سەرکردەیەکی باڵای گروپی چەکداری جیهادی ئیسلامی فەلەستینی ڕۆژی سێشەممە لە هێرشێکی دەگمەندا لە کەرتی غەززە کوشت. ئەو گروپە فەلەستینییەی کە ئێران پشتیوانی لێدەکات پشتڕاستی کردەوە کە باها ئەبو ئەلعەتا، سەرکردەی باڵای گروپەکەیان لە باکوری کەرتی غەززە، کوژراوە.

وەزارەتی تەندروستیش لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند پیاوێک و ژنێک لەو تەقینەوەیە کوژراون و دوو کەسی تریش بریندار بوون.

ملیتانەکانی غەززەش بە هەڵدانی موشەک بۆ شارەکانی ئیسرائیل لە ناویاندا تەل ئەڤیڤیش وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە.

ئیفخای ئەدەرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نوسیویەتی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە نزیکەی 50 ڕۆکێت بەدی کراوە کە لە کەرتی غەززەوە بەرەو ئیسلائیل هەڵدراون. سیستمی بەرگری پۆلاینی ئیسرائیل توانیویەتی نزیکەی 20 لەو ڕۆکێتانە تێک بشکێنیت.

ئیسرائیل هەروەها ماڵی کاربەدەستێکی جیهادی ئیسلامی لە دیمەشقی سوریاش کردە ئامانج و تیایدا دوو کەس کوژران لە ناویاندا یەکێک لە کوڕەکانیشی. ئیسرایل لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر دیمەسق چەند موشەکێک بەکارهاتووە کە یەکێکیان لە ناوچەی دارایا خرایە خوارەوە. لە شوێنی ڕووداوەکەشەوە پەیامنێرێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی بە تەواوەتی ڕووخاوە. دراوسێیەکی ئەو باڵەخانەیەش بە ڕۆیتەرزی گوتووە کاتژمێر چواری بەیانی بە دەنگی سێ تەقینەوەی گەورە خەبەری بۆتەوە.

ڕێبەری جیهادی ئیسلامی خالد ئەل باتش لە میانەی مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئەبو ئەلعەتا گوتی " ئیسرائیل دوو هێرشی لە ناو سوریا و لە ناو غەززە ئەنجام داوە لە ڕاگەیاندنی شەڕدا."

کاربەدەستانی ئیسرائیل ئەل عەتایان وەکو بۆمبێک ناودێری کردووە کە بەرپرسیار بووە لە زنجیرەیەک هێرشی ڕۆکێت، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێرەگر بۆ ناو ئیسرائیل و گومان دەکرا پلانی زیاتری هەبێت.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ گوتی ئەو شەڕەی کە کەلەگەڵ گروپی توندڕەوی فەلەستینی جیهادی ئیسلامی لە پاش کوشتنی ڕێبەرەکەیانەوە بەرپا بووە دەشێ درێژە بکێشێت. ئەو گوتیشی " ئیسرائیل ناخوازێت ڕەوشەکە ئاڵۆز بێت بەڵام ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ بەرگری کردن لە خۆمان."

سەبارەت بەبابەتی کوشکتنی ئەبو ئەلعەتاش گوتی نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەو بەر بڕیار لەسەر ئەو کوشتنە درابوو. سەرۆکی ئاسایشی گشتی و سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئیسرائیل پێشنیازی کوشتنی ئەو ڕێبەری جیهادی ئیسرامیان کردووە چونکە خەریکی ڕێکخستنی کردارێک بووە دژ بە ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG