Accessibility links

UNICEF: دابینکردنی هاوکاری بۆ منداڵانی سوریا بەهۆی نەبوونی بودجە دەکەوێتە مەترسییەوە


ڕێکخراوی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات بەرنامە گرنگەکانی مرۆیی بۆ سەدان هەزار منداڵ لە سوریا ڕادەگیرێن بەهۆی نەمانی پارەوە.

لە کاتێکدا تەنها هەشت هەفتە ماوە بۆ کۆتایی ساڵ، ڕێکخراوی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەگەیەنێت تەنها لە سەدا 53 ی ئەو 295 ملیۆن دۆلاری پێ گەیشتووە کە بۆ ساڵی 2019 داوای کردبوو. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەگەر دەستبەجی ئەم کورتهێنانە پڕ نەکریتەوە ئەوا ڕەنگە نەتوانن کەرەستەی پێویستی ڕزگارکردنی ژیانی مندالان دابین بکرێت.

گوتەبێژی UNICEF مارێکسی مێرکادۆ گوتی ئەم کورتهێنانی بودجەیە لە کاتێکی زۆر سەختی ساڵەکەدا ڕوویداوە.

ئەو دەڵێت " لە کاتێکدا وەرزی سەرما دەستپێدەکات، UNICEF هەوڵ دەدات بۆ بڕی 578 هەزار منداڵی ساوا تا دەگاتە 14 ساڵان لە کەمپەکان، پەناهگاکان و کۆمەڵگەکاندا کەرەستەی پێویست و جلوبەرگی زستانە دابین بکەن. بەبێ بودجەی دەستبەجێ ئەوا 220 هەزار منداڵ لەو پێداویستیە گرنگانە بێبەش دەبن."

UNICEF ڕادەگەیەنێت 5 ملیۆن و 5 سەد هەزار منداڵ لە سەرانسەری سوریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە. ئاژانسەکە ناتوانێت یارمەتی هەمویان بدات. بەڵام مێرکادۆ ئاماژە بەوە دەکات کەرەستەی پێویست دەگاتە سەدان هەزار منداڵی کە زۆر بە خراپی پێویستیانە کە لە نێوان مەرگ و ژیاندان.

مێرکادۆ گوتیشی " لە باکوری سوریا کە شوێنی زۆربەی ئەو منداڵانەیە کە هەرە پێویستیان بە یارمەتی هەیە، کارەکانی UNICEF بریتی بوون لە کوتانی دژ بە نەخۆشییەکان بۆ نیو ملیۆن مندال، هاوکاری دەرونی بۆ نزیکەی 150 هەزار منداڵ، و دابینکردنی پەروەردەی فەرمی بۆ زیاتر لە 100 هەزار منداڵ."

ئەو گوتی دابینکردنی هاوکاری بۆ منداڵانی ئەو ناوچەیە ئێستا سەختتر بووە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە مانگی ڕابوردۆوە. سەرەڕای زیادبوونی مەترسی ئاسایشی، کە هاوتوچۆی سنووردار کردووە، UNICEF دەشڵێت گرفتی سەرەکی بۆ گەیشتن بە منداڵان نەبوونی پارەیە.

XS
SM
MD
LG