Accessibility links

عێراقییەکان بەردەوامن لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی


سەدان خۆپیشاندەری ناڕازی ڕۆژی شەممە لەناوەڕاستی شاری بەغدا کۆبونەوەو ئاڵای عێراقیان ئەشەکاندەوە و هاوریان دەکرد و قسەیان بە سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەگوت. ئەمەش پاش ڕۆژێک لە خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی کە بوون بە هۆی کوشتنی بەلانی کەم 40 کەس.

نزیکەی 200 خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا دەواریان هەڵداوەو شەویش لەوێ مانەوە و ناوچەکەش پاک دەکەنەوە. ژمارەیەکی تر خەریکی قورئان خوێندن بوون بۆ پرسەی ئەو کەسانەی کە کوژران.

8 خۆپیشاندەر ڕۆژی هەینی لە بەغدا کوژران زۆربەیان پاش ئەوە بوو کە قووتوی گازی فرمێسک ڕژێنیان بەر کەوتبوو کاتێک کە هێزە ئاسایشییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاریان هێنا.

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند 15 ساڵە حکومەت تاڵاندەکرێت و سەدام نەماو 1000 سەدامی دیکە لەناوچەی سەوزی بەغدا دەژین.

خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و نۆ شاری ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕایانگەیاند، كە خۆپیشاندانیان گۆڕیوە بۆ مانگرتنی كراوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن بە تایبەتی داوایان بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و دادگاییكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران.

ئەمەش لە كاتێكدا بە فەرمانی سەرۆک وەزیری وڵات عادل عەبدولمەهدی، هاتووچۆكردن لە شارەكانی واست، بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، بابل و دیوانییە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە قەغەكراوە.
هاوكات ڕێكخەری خۆپیشاندانەكان لە شاری زیقار، یاسین مەكسووسی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە " ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشوور ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بۆ مانگرتنی كراوە، واتا لە شەقام دەمێنینەوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان جێبەجێدەكرێن".

ئەو گوتیشێ "ئەو لایەنانەی، كە دوێنێ‌ خۆپیشاندەرانیان كوشتووە لای هەمووان ناسراون و بە گرتەی ڤیدیۆیی دۆكۆمێنتكراون و پێویست بە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە ناكات بۆ ئەوەی ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن".

بەپێی دوایین ئامار، كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق بڵاوكراوەتەوە، لە میانەی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی هەینی شاری بەغدا و ژمارەیەک لە شارەکانی باشووری عێراق 30 خۆپیشاندەر كوژراون و دوو هەزارو 312 خۆپیشاندەر و ھێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

XS
SM
MD
LG