هێزە کوردییەکان لە سوریا دەستیان کردووە بە کشانەوە لە ناوچەکانی نزیک سنوری نێوان سوریا و تورکیا، بەپێی ئەو لێدوانەی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاوە وەرگیراوە.
ئەم لێدوانەش دوابەدوای ڕێککەوتنی نێوان مۆسکۆ و ئانکەرەیە، وەک دەگوترێت کۆتایی بە هێرشەکەی تورکیا هێناوە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، بڕیارە سەربازەکانی ڕوسیا و هێزە سوریاییەکان بۆ پاسەوانیی سنور لە ماوەی شەش ڕۆژدا هێزە کوردیەکان لە قوڵایی 30 کیلۆمەتری ناوچە سنورییەکانی تورکیا – سوریا بکشێننەوە.
ئاژانسی دەنگ و باسی ئینتەرفاکس لە زاری سێرگیێ ڤێرشنین، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاوە دەنوسێت"ئێمە بە دڵنیاییەوە لەو ڕێککەوتنەی سوچی دەڕوانین کە جێبەجێدەکرێت."