Accessibility links

سەرۆکی عێراق هێرشی سەر خۆپیشاندەران شەرمەزار دەکات


ڕۆژی سێشەممە عێراق لە ڕەوشێکی ئارامتردا بوو بەراورد بە ڕۆژانی پێشووتر، پاش هەفتەیەک لە خۆپیشاندانەکانی دژبە حکومەت کە بوون بەهۆی کوژرانی دەیان کەس و دروست بوونی قەیرانێک کە سەرۆکی وڵاتەکە ڕایگەیاند پێوسیتی بە " دیالۆگی نیشتمانی" هەیە.

هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە زۆربەی شەقامەکاندا ئاسایی بوو و هێڵی ئینتەرنێتیش کە لە ماوەی هەفتەی رابوردوو بڕا بوو لەوە دەچوو چەند کاتژمێرێک بەر لە کۆبونەوەی پەرلەمان کرابێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا هێرشەکانی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دژە حکومەت و میدیا شەرمەزار کرد.

بەڕێز ساڵح گوتی عێراق دووچاری مەینەتی زۆر، خوێن ڕشتن و شەڕو تیرۆرسم بۆتەوە و داوای کرد کۆتایی بەو ئاژاوانە بهێندرێت.

خۆپیشاندانەکان لە هەفتەی ڕابوردوو لە بەغداوە دەستیپێکرد کە تیایدا خۆپیشاندەرە گەنجەکان دژی بێ کاری گەندەڵییەکی بەربڵاو ڕژانە شەقامەکان بەڵام پاشان خۆپیشاندانەکە شارەکانی تریشی گرتەوە و داوای ڕووخانی سیستمی سیاسی وڵاتەکە دەکرا.

ئەم خۆپیشاندانانەی عێراق بێپێشینە بوو چونکە وا دیار بوو زۆربەی خەڵکەکە سەربەخۆ بوون لە نێو کۆمەڵگەیەکی دابەشبوونی سیاسیدا، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندانێکی کوشندەش بوو کە زیاتر لە 100 کەس کوژران و شەش هەزار کەسی تریش بریندار بوون.

سەرۆکی وڵاتەکە بەرهەم ساڵح گوتیشی ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان " دوژمنی خەڵکەکەن" و پێشنیازی گۆڕانکاری لە کابینەدا و چاودێری زیاتری گەندەڵی کردووە و هەوەها داوای دیالۆگێکی دڵسۆزانەی کردووە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی.

بڕیارە ئێوارەی سێشەممە پەرلەمانی عێراقیش کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی خۆپیشاندانەکان بەڵام چاوەڕوانییەکان کەمن لە کاتیکدا سێ ڕۆژ پێشتر نەگەیشت بە ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتن.

گەورەترین قەوارەی پەرلەمان بە 54 ئەندامەوە بە سەرۆکایەتی موقتەدا ئەلسەدر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

XS
SM
MD
LG