Accessibility links

توندکردنی باری ئاسایش لە کابول بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان


کاربەدەستان لە ئەفغانستان ڕۆژی پێنجشەممە لە هەندێک ناوچەی پایتەختدا هاتوچۆیان قەدەغە کردووە، ناهێڵن بارهەڵگرەکان لەسەر شەقامەکان ڕاوەستن بە مەبەستی ڕێگە گرتن لە هێرشی خۆکوژی بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕۆژی شەممە.

ئەو هەڵبژاردنە لە مەترسی گەورەی توندوتیژیدایە و تالیبان لە ئێستاوە چەندین هێرشی خۆکوژییان لەسەرانسەری ئەفغانستان ئەنجام داوە کە تیایدا کاربەدەستانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و کۆبونەوەی جەماوەری هەڵمەتی هەڵبژاردن کراون بە ئامانج.

بەهۆی تەقینەوەی بارهەڵگرێکی بۆمبرێژکراو لە پێنجی مانگی 9لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان بەلایەنی کەم 12 کەس کوژران.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت هێزەکانی ئاسایش باری ئاسایش لە خاڵە پشکنینەکانی چوونە ناو شارەکەوە توند دەکەن و ڕێگە نادەن بارهەڵگرەکان بچنە نێو شارەکەوە.

لە بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندراوە " هێزی پۆلیسی ئەفغانی لە کاتژمێری پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆوە (پێنجشەممە)لە دەروازەکانی چوونە ناو شارەکەوە کار دەکەن و فەرمانیان پێ دراوە ڕێگە بگرن لە بارهەڵگرەکان."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە هەتا پاش هەڵبژاردنەکە تەنانەت ڕێگە بە بارهەڵگرە بچووکەکانیش نادرێت بچنە ناو شارەکەوە.

ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ بەیاننامەیەکی تالیبان کە هەڕەشەکانی پێشووتری دووپات دەکاتەوە و دەڵێت هەر کەسێک بچێت بۆ دەنگدان لە مەترسیدایە.

ئەو گروپە یاخیبووە دەڵێت " تالیبان هەوڵدەدات ئەم پرۆسە ساختەیەی ئەمەریکای داگیرکەر و چەند کارەکەر و کۆیلەی تێکبدات بە هێرش کردنە سەر هەمو هێزە ئاسایشییەکان و کردنە ئامانجی کاربەدستانی هەڵبژاردن و نێوەندەکانی دەنگدان."

هەروەها تالیبان هۆشداری دەدات بە خەڵکی کە " ڕۆژی هەڵبژاردن لە بنکەکانی هەڵبژاردن دوور بن و خۆیان نەخەنە مەترسییەوە."

بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر مەترسییەکی بەردەوامە لە ئەفغانستان لە کاتێکدا لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی زیاتر تەقەمەنی دەگرێت.

لە مانگی 5 ی ساڵی 2017 بەهۆی تەقینەوەی چەند بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا زیاتر لە 150 کەس کوژران و سەدان کەسی تریش بریندار بوون.

پاکستانیش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە میانەی هەڵبژاردنی ئەفغانستاندا ئاسایشی سنووری خۆی لەگەڵ ئەفغانستان توند دەکات.

XS
SM
MD
LG