Accessibility links

دەیان کەس بەهۆی خۆپیشاندان لە میسر دەستگیر دەکرێن


سەرچاوەیەکی ئاسایشی ڕادەگەیەنێت خۆپیشاندانێکی دەگمەنی بچووک لە نیوەشەودا لە قاهیرە و شارەکانی تری میسر ئەنجام درا کە تیایدا داوای لابردنی سەرۆکی وڵاتەکە عەبدل فەتاح ئەلسیسی دەکرا، بەڵام کاربەدەستان دەستبەجێ بڵاوەیان بە خەڵکەکە کرد و دەیان کەس دەستگیر کران.

سەدان هاووڵاتی شەوی هەینی چوونە سەر شەقامەکان بۆ خۆپیشاندانی ناڕەزایی و تیایدا دروشمی دژی سیسی دەوترایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی بە ئاژانی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، بەلایەنی کەم 74 کەس دەستگیرکراون لە کاتیکدا پۆلیس بە جلوبەرگی ئاساییەوە لە شەقامەکانی ناوجەرگەی قاهیرە بڵاو بوونەتەوە.

ئەو وڵاتە بە پێی یاسایەکی ساڵی 2013 خۆپیشاندانی قەدەغە کردووە و هێشتاش یاسای باری نائاسایی وڵات بەردەوامە.

پۆلیس لە مەیدانی تەحریر گازی فرمێسکڕژێنی بەکار هێنا ئەو شوێنەی بوو بە نێوەندی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 کە حوسنی موبارەکی تیادا لەکار خرا.

ئەو خۆپیشاندانە بە ڕێگای ئینتەرنێت لەلایەن محەمەد عەلی کارداری میسری دوورە وڵاتەوە ڕێک خرابوو کە داوای ڕووخانی سیسی دەکات.

ئەو بەڵێندەری بیناسازییە لە سەرەتای مانگی 9 وە لە ئیسپانیاوە بە ڕێگای گرتەی ڤیدیۆیی هەڵمەتێکی دژی سیسی دەستپێکردووەو سیسی و لەشکر تاوانبار دەکات بە گەندەڵییەکی بەربڵاو.

XS
SM
MD
LG