Accessibility links

ئەمەریکا هێزو کەرەستەی لەشکری ڕەوانەی سعودیە و ئیمارات دەکات


شەوی هەینی پەنتاگۆن ڕایگەیاند ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزی زیاتری لەشکری و کەرەستەی بەرگری ئاسمانی ڕەوانەی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) دەکات.

ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پاش هێرشەکەی هەفەی ڕابوردووە بۆ سەر پیشەسازی نەوتی سعودیە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە و تارانیش نکوڵی لێ دەکات.

وەزیری بەرگری مارک ئێسپەر لە میانەی لێدوانێکیدا لە پەنتاگۆن گوتی " سەرۆک دانۆڵد ترامپ ناردنی هێزی ئەمەریکای پەسەند کردووە کە وەکو هێزێکی بەرگری کار دەبن."

ئێسپەر گوتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەڵامی داوایەکی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی داوەتەوە بۆ برەودان بە بەرگری ئاسمانی و دژە موشەکیان.

وەزیری بەرگری گوتیشی ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ پتەوکردنی ئاسایش هەنگاوی زیاتریشی ڕەت نەکردەوە. بەڵام ژەنەڕاڵ جۆسف دەنفۆرد سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکان گوتی وردەکاری لەسەر ئەم بابەتە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام وا نابێت کە هەزاران سەرباز ڕەوانی ئەو ناوچەیە بکرێت.

هەر لە شەوی هەینی، نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕایگەیاند تیمێکی چوار ئەندامی شارەزای نێونەتەوەی ناردووە بۆ عەرەبستانی سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر دامودەزگا نەوتییەکانی ئەو وڵاتە.

هەر لە ڕۆژی هەینی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند وڵاتەکەی سزای نوێی سەپاندووەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی نیشتمانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپـێدان کە وەک واشنتن دەڵێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ تێرۆرزم بەکاردەهێنرێن.

XS
SM
MD
LG