Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ سەردانی عەرەبستانی سعودیە دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ ڕۆژی چوارشەممە بەرەو جددە بەڕێ دەکەوێت بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر دامودەزگا نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودیە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن بڕوا دەکەن لەلایەن ئێرانەوە کرابێت.

ئاژانسی IRNA ی دەنگوباسی فەرمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئێران نامەیەکی دیپلۆماتیکی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناردووە کە تیایدا نکوڵی لەوە دەکات بە هیچ شێوەیەک دەستی هەبووبێت لەو هێرشە و هۆشداری دژی هەر کردارێکی دژ بە ئێران دەدات و دەڵێت دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە.

سەرهەڵداوە حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەیان گرتۆتە ئەستۆ کە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی بەرهەمی نەوتی عەرەبستانی سعودیە. بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت بەڵگەکان نیشتان دەدەن ناشێت ئەوان ئەنجامیان دابێت.

کاربەدەستێکی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بۆچوونی ئێمە وایە ئەمە لە یەمەن یان لە عێراقەوە نەهاتووە." گوتیشی تیمێکی شارەزای ئەمەریکایی لەوێن و لەگەڵ سعودییەکاندا کار دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری موشەکەکان.

کاربەدەستەکە گوتیشی " ئێمە پێمان وایە بەڵگەکە باوەڕپێکراوە."

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە گوتی یەمەنییکان وەکو هۆشدارییەک بۆ سعودیە بەهۆی سەرۆکایەتی کردنی هاوپەیمانی دژ بە حوسییەکان ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لە هێرشەکان بەڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە گرتووە و دەڵێن بۆتە هۆی وێرانکاری لە ناوچە سڤیلییەکاندا و قەیرانە مرۆییەکانی جیهانی زیاتر کردووە.

سەرۆکی ئێڕان حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێڕان حەسەن ڕۆحانی

ڕۆحانی ڕایگەیاند یەمەنییەکان " لە نەخۆشخانەکانیان نەداوە، لە خوێندنگا و ناو بازاریان نەداوە و سعودییەکان پێویستە لەم هۆشدارییەوە دەرس وەرگرن."

سەرۆکی ئێران ڕاستەوخۆ باسی ئەو ئیدیعایانەی نەکرد کە حکومەتەکەی ئەو بەرپرسیارە بۆ هێرشەکان، بەڵام گوتی ئەو نایەوێت ناکۆکی لە هەرێمەکە ڕووبدات.

ژەنەڕاڵ جۆسف دانفۆرد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری بەرگری مارک ئێسپەر
ژەنەڕاڵ جۆسف دانفۆرد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری بەرگری مارک ئێسپەر

سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکانی ئەمەریکا ژەنەڕاڵ جۆسف دانفۆرد بە ڕۆژی شەممە لە لەندەن بە پەیامنێرانی گوت هێرشە جیاوازە لەوانەی کە پێشتر لەلایەن سەرهەڵداوە حوسییەکانەوە ئەنجام درابوون.

ئەو گوتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دیدو بۆچوونی خۆی ناسەپێنێت و ڕێگە دەدات سعودییەکان خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن.

کاربەدەستێکی ئەمەریکا کە ناوی ئاشکرا نەکراوەو لەگەڵ دەزگا ڕاگەیاندنە ئەمەریکاییەکاندا قسەی کردووە دەڵێت بەڵگەکان کۆکراونەتەوە کە بە ڕوونی ئاماژە بە ئێران دەکەن.

ئەو کاربەدەستە ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی NBC ڕاگەیاند زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کە لەو هێرشەدا بۆ سەر دامودەزگا نەوتییەکانی سعودییە بەکارهاتوون لە ئێرانەوە هەڵدراون.

کاربەدەستانی تریش بە کەناڵی CBS یان گوتووە بەلایەنی کەم یەکێک لە موشەکەکان بە ئاسمانی کویەتدا تێپەڕ بووە.

XS
SM
MD
LG