Accessibility links

بەهۆی دوو هێرشی خۆکوژی لە ئەفغانستان دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن


هێرشبەرێکی خۆکوژری تالیبان بە سواری ماتۆڕێکەوە گردبوونەوەیەکی جەماوەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک ئەشرەف غەنی لە باکوری ئەفغانستان کردە ئامانج. لەو هێرشەی ڕۆژی سێشەممەدا بەلانی کەم 24 کەس کوژرون و 31 کەسی تریش بریندار بوون.

بەرپرسی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەفغانستان دەڵێت غەنی لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوو بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوت.

چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە تەقینەوەیەکیش لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابول ڕوویدا بەڵام وردەکاری لەسەر ئەو تەقینەوەیە جارێ ڕانەگەیەندراوە. تالیبان بەرپرسیارێتی هەردوو هێرشەکەی گرتۆتە ئەستۆ.

ئەم توندوتیژیانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەفغانستان کە بڕیارە لە 28 ی مانگی 9 بەڕێوە بچێت، پرۆسەیەک کە تالیبان زۆر دژی ڕاوەستاوەتەوە. ئەو گروپە یاخیبووە هۆشداری بە ئەفغانییەکان دا لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ نەدەن و ڕایگەیاند جەنگاوەرانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی هەڵبژاردن دەکەن بە ئامانج.

لە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی کە لە هەرێمی پەروان ڕوویداوە هێرشەبەرەکە بە ماتۆرە بۆمبڕێژکراوەکەیەوە خۆی کرد بە نێو شوێنی کۆبونەوەکەی کەنار شاری چاراکار کە غەنی لەوێ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەنجام دەدا.

دکتۆر عوسمان سانگین کاربەدەستێکی خۆجێهی ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵیش لە نێو قوربانییەکاندان.

وەحیدا شاهکار گوتەبێژی پارێزگاری پاروان گوتی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆبونەوە جەماوەرییەکە ئەو تەقینەوەیە ڕوویدا.

بەڵام فیردۆس فەرامەرز گوتەبێژی بەرپرسی پۆلیسی کابول گوتی هێشتا هیچ زانیارییەکی تەواو لە بەردەستدا نییە لەسەر زیانەکانی تەقینەوەکەی کابول کە لە نزیک چوارڕێیانی مەسوود ڕوویداوە ناوچەیەکی نزیک لە بنکەی ئەمەریکا و ناتۆ و چەند وەزارەتێکی حکومەتی ئەفغانستان.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد لە بەیاننامەیەکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند گوتی تالیبان هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە.

XS
SM
MD
LG