Accessibility links

ئێران دەڵێت لە کەناری سوریا نەوتی فرۆشتووە بە کۆمپانیایەکی تایبەت


ڕاگەیاندنی ئێران لەسەر فرۆشتنی نەوتی تانکەرەکەی لە نزیک کەناری سوریا بە کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕێگەگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران، مشتومڕ لەناو چاودێراندا دروست دەکات لەسەر ئەوەی ئاخۆ هیچ نەوتێک لەو کەشتییە بەتاڵ کراوە یان نا.

ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا باڵیۆزی ئێران بۆ بەریتانیا حەمید بەعیدینژاد گوتی تانکەرەکەی وڵاتەکەی نەوتەکەی بە کۆمپانیایەکی نەناسراوی تایبەت فرۆشتووە " سەرەڕای چەندین هەڕەشەی ئەمەریکا".

بەریتانیای هاوپەیمانی ئەمەریکا لە 4 ی مانگی 7 دەستی بەسەر ئەو تانکەرەدا گرت کە ئەو کاتە لە ژێر ناوی گرەیس 1 بوو لە نێو ئاوی جیبالتەر ( نیمچە دوورگەیەکی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا) بە گومانی ئەوەی پلانی هەیە نەوتی ئێران بۆ سوریا بنێرێت کە سەرپێچیکردنە لە سزاکانی یەكیتی ئەورپا بۆ سەر حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد لە سوریا. جیبالتەر لە ژێر ناوێکی نوێ ئادریان دەریا 1 ، ڕێگەی بە تانکەرەکەدا لە 18 ی مانگی 8 لە ئاوی نیچمە دوورگەکە دەرچێت و گوتی بە نوسراو حکومەتی بەریتانیا دڵنیا کراوەتەوە لەوەی ئێران نەوت هەناردەی سوریا ناکات.

کاربەدەستانی ئێرانی نکوڵی لەوە دەکەن نوسراوێکی متمانەی لەو جۆرەی دابێت .

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ کە یەکلایەنە هەومو هەناردەکانی ئێرانی لە مانگی پێنجەوە قەدەغە کردووە بۆ فشار خستنە سەر ئێران تا ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی ڕابگرێت، داوای لە بەریتانیا کرد ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرە ئازاد نەکات و پاشانیش لە 30 ی مانگی 8 سزای خستە سەر کەشتییەکە.

XS
SM
MD
LG