Accessibility links

ڕێبەری هۆنگ کۆنگ هۆشداری دژ بە دەستێوەردانەکان بۆ دروستکردنی توندوتیژی دەدات


ڕێبەری هۆنگ کۆنگ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دەستێوەردانی پەرلەمانەکانی وڵاتانی بیانی لە کاروباری هەرێمەکەیدا، زۆر جێگای نیگەرانییە و زیاد بوونی توندوتیژییەکان نابنە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا لە نێوەندی ئابوری ئاسیادا.

کاری لام کە بێژینگ پشتیوانی دەکات ئەم قسانەی پاش تێپەڕبوونی هەفتەیەکی تری خۆپیشاندان و توندوتیژی لەو کۆلنییەی پێشوی بەریتانیا کرد لە کاتێکدا پۆلیس جارێکی تر گازی فرمێسکڕژێنی بەکارهێنا بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانی کە هەندێک جار بەرد دەگرنە پەنجەرەکان و ئاگر لەسەر شەقامەکان دەکەنەوە.

لام گوتی " بە تەواوەتی شتێکی گونجاو نییە بۆ پەرلەمانە بیانییەکان بە هیچ جۆرێک دەستبخەنە نێو کاروباری هۆنگ کۆنگەوە، و ئێمە ڕێگە نادەین کێشەکانی هۆنگکۆنگ لە بەرژەوەندی ئەمەریکا بن."

لە میانەی ڕێپێوانێکی ڕۆژی یەکشەممە لەبەردەم کۆنسۆڵخانەی ئەمەریکا هەزاران لە خۆپیشاندەران ئاڵای ئەمەریکایان بەرز کردبۆوەو داوای یارمەتییان دەکرد بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ.

خۆپیشاندەران داوایان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکرد یاسایەک پەسەند بکات بۆ ئەوەی واشنتن ساڵانە هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەوەی دیاری بکات ئایە هۆنگ کۆنگ ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینەی هەیە و قازانج لە بازرگانی تایبەت لەگەڵ ئەمەریکا ببینێت.

شایانی باسە هۆنگ کۆنگ لە ساڵی 1997 لە ژێر ناونیشانی "یەک وڵات و دوو سیستەم" گێڕدرایەوە بۆ بێژینگ بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ئازادیانەی کە هاووڵاتیان لە چین نیانە.

بەڵام لە ئێستادا زۆربەی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ ترسی ئەوەیان هەیە بێژینگ خەریکە ئەو ئۆتۆنۆمییەیان لێ زەوت دەکات.

چین نکوڵی لەوە دەکات دەستبخاتە نێو کاروباری هەرێمەکەوە و کاربەدەستانی چین هێزە بیانییەکان تاوانبار دەکەن بەوەی هەوڵ دەدەن بە ڕێگای دروستکردنی ئاژاوە لە هۆنگ کۆنگ زیان بە بێژینگ بگەێنن.

XS
SM
MD
LG