Accessibility links

ژنێکی ئەمەریکایی بە منداڵێک لە ناو جانتاکەیەوە لە فڕۆکەخانەی مانیلا دەستگیر دەکرێت


کاربەدەستانی فلپین دەڵێن ژنێکی ئەمەریکایی لە فڕۆکە خانەی مانیلا بە تاوانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەستگیر کراوە لە کاتێکدا هەوڵی دابوو منداڵێکی تەمەن شەش ڕۆژان لە وڵاتەکە دەربکات و لە ناو جانتای شانەکەی شادبوویەوە.

کاربەدەستان دەڵێن جێنیفەر ئێرن تالبۆت توانیبووی لە ڕۆژی چوارشەممە خاڵی پشکنینی پەنابەران لە فڕۆکەخانەکە دەربازبێت بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کوڕێکی ساوای پێیە، بەڵام پاشان لە دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ ناو فڕۆکەکە ئاشکرا بوو.

کاربەدەستانی فڕۆکەخانە دەڵێن تالبۆتی خەڵکی ئۆهایۆ نەیتوانیوە هیچ پاسەپۆرتێک، بیلیتی فڕۆکە یان بەڵگەنامەیەکی حکومی ئەو منداڵە بخاتە ڕوو.

ڕۆژی پێنجشەممە بە کەلەپچە و جلی پرتەقاڵی زیندانەوە تالبۆتی تەمەن 43 ساڵان خرایە بەردەم میدیاکان لە مانیلا.ئەو سەری داخستبوو و دەگریا. کاتێک پەیامنێران داوایان لێکرد قسە بکات ئەو تەنها سەری بادا.

تالبۆت هەوڵی دابوو بچێتە نێو گەشتی دێلتا لەگەڵ منداڵەکە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

کاربەدەستێکی پەنابەران گرفتن مدینا بە ڕێگای تەلەفۆن بە ئاژانسی ئستۆشیەیتدی ڕاگەیاندووە " بە ڕاستی ئەو بە مەبەست ئەو منداڵەی شاردبۆوە."

پاش دۆزینەوەی منداڵەکە کاربەدەستانی هێڵە ئاسمانییەکە بانگی کاربەدەستانی پەنابەرانیان کردبوو و ئەوان تالبۆتیان دەستگیر کرد. پاشانیش ڕادەستی بیرۆی نیشتمانی لێکۆڵێنەوە کرا و منداڵەکەش دراوەتە دەست کاربەدەستانی حکومەت بۆ چاودێری کردن.

کاربەدەستان دەڵێن تالبۆت نوسراوێکی خستۆتە ڕوو گوایە لەلایەن دایکی منداڵەکە ماریسەر دولاپ ڕێگەی بردنی منداڵەکەی پێ دراوە بۆ ئەمەریکا بەڵام لەلایەن دایکەکەوە مۆر نەکراوە.

کاربەدەستان دەشڵێن هیچ شتێکی فەرمی حکومەتی پێ نەبووە بۆ منداڵەکە بۆیە بەمەش ئەو تاوانبارە بە قاچاخچێتی کردن بە مرۆڤەوە. جگە لەمە ئەو تاوانباریشە بە توندوتیژی کردن بەرامبەر بە منداڵەکەش.

کاربەدەستانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئاگادار کراونەتەوە و بە کاربەدەستانی فلپینیان گوتووە تالبۆت هیچ ڕابردوویەکی تاوانکاری لە ئەمەریکا نییە.

کاربەدەستی لێکۆڵینەوە مانوێل دیمانۆ دەڵێت دۆلاپی دایکی مندالەکەی لە شاری داڤۆی باشوری وڵاتەکە داوە بە تالبۆت. ئەو دەشڵێت لێکۆلەران هەوڵ دەدەن ئەوە بزانن چۆن ئەم منداڵەی لەو شارەوە دەرکردووە کە پێویستی بە ڕەزامەندی شارەوانی هەبووە. دایک و باوکی منداڵەکەش بە پێی یاسای پاراستنی منداڵ تۆمەتبار کراون بەڵام دەستگیر نەکراون. دایکی منداڵەکە لە کاتی وتووێژەکاندا گوتویەتی ئەو منداڵەکەی داوە بۆ ئەوەی کەسێک بەخێوی بکات و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە منداڵەکەی فرۆشتبێت.

XS
SM
MD
LG