Accessibility links

تورکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشەی شەپۆلێکی نوێی جیهادی


هەزاران جیهادی ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی پەناپارێزی لە تورکیا بدەن لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە حکومەت لە سوریا ناوچەیەکی داخراوی ئیدلیبیان گەمارۆ داوە کە دووا شوێنی سەرهەڵداوانە لە وڵاتەکەدا.

لە کاتێکدا کە دیمەشق سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی سوریا کۆنترۆڵ بکاتەوە، شیکەرەوان ئاگاهی دەدەن تورکیا دەکەوێتە ڕەوشێکی قورسەوە نەک تەنها لە ڕووی گەڕانەوەی پەنابەرەکان بەڵکو لە ڕووی هاتنە ناوەوەی چەکدارە تونڕەوەکانیشەوە ئەمەش بێگومان مەترسییەکی بەرچاو لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە دروست دەکات.

هێزەکانی حکومەتی سوریا پێگەی خۆیان لە پارێزگای ئیدلب پتەو دەکەن. وا مەزەندە دەکرێت نزیکەی 3 ملیۆن سوریای لەو ناوچەیەی ئیدلبدا گەمارۆدرابن کە زیاتر لە نیوەیان لە شەڕەکانی ناوچەکانی ترەوە هەڵاتوون بۆ ئەوێ.

شیکەرەوە ئەتیلا یەسیلادا لە ڕێکخراوی سەرچاوەی جیهانی هاوبەش، دەڵێت " ئەمە هەڕەشەیەکی گەورە دەخاتە سەر نزیکەی نیو ملیۆن پەنابەری کەلە کەمپێکی پەنابەرانی سەر سنوردا دەژین."

ئەو دەشڵێت " ئەگەر سەرۆک بەشار ئەسەد بەرەو باکوور بڕوات و شاری ئیدلب بگرێت، ئەم خەڵکانە دەڕژێنە نێو تورکیاوە، و بە هیچ شێوەیەک ئێمە ناتوانین وەریان بگرین، جگە لەمەش ڕەنگە نزیکەی 40 هەزار بۆ 60 هەزار بیروڕای توندڕەوی جۆراو جۆر تێکەڵ بە خەڵکەکە ببن و بچنە ناو تورکیاوە ئەمەش ناسەقامگیری لە ناوچەکانی سەر سنوور دروست دەکات."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەفتەی ڕابوردوو لە میانەی کۆبونەوەکانی مۆسکۆی لەگەڵ سەرۆک ڤلادمێر پوتن فاکتەری کاتی بەدەستهێنا. پاش کۆبونەوەکان هێزەکانی ئەسەد لە دووا هێرشەکانیاندا ئاگربەستیان ڕاگەیاند. هەرچەندە ڕاپۆرتە خۆجێهییەکان دەڵێن ئەردۆغان نەیتوانی بوو باوەڕ بە پوتن بهێنێت تا قایل بێت بە کۆتایی هێنانی تەواوی شەڕەکان لە ئیدلب.

لە کاتێکدا کە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لایەنە نەیارەکانی یەکتر دەکەن، بەڵام ئەردۆغان پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ پوتن دروست کردووە بەشێکی بەهۆی هاوکاری کردنەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

لە هەفتەی ڕابوردوو هێزەکانی تورکیا گازی فرمێسک ڕژێن و هێزی ئاویان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرە سوریاییەکان لە سەر سنوور. زۆربەی خۆپیشاندەران دروشمی دژە ئەردۆغانیان دەگوتەوەو وێنەی سەرۆکی تورکیایان دەسوتاند.

شیکەرەوان دەڵێن توڕەیی لە دژی تورکیا ڕەنگە تەنها لە نێو خۆپیشاندەراندا نەبێت. ژەنەڕاڵی پێشوی تورکیا هالدون سۆلمازتورک دەڵێت " لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابوردوودا، حکومەتی تورکیا پشتیوانی سەرهەڵداوانی کردووە، بەڵام ئەوان گەیشتوونەتە قەناعەتێک کە پشتیان لێ کراوە، بە ڕێگای تیرۆر، بەکارهێنانی بۆمب، ‌هێرشی خۆکوژی و چەندین جۆری هێرشی تر فشار دەبەن بۆ تورکیا کە جارێکی تر پشتیوانیان بکاتەوە."

لە ساڵی 2016 ئەستەنبوڵ ڕووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی تیرۆرستی لەلایەن داعشەوە بۆوە، لەوانەشدا هێرشێک بۆسەر فڕۆکەخانەی سەرەکی شارەکە کە 45 کەسی تێدا کوژران.

هێزەکانی ئاسیشی تورکیا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانیان ڕێگە لە هێرشی زیاتر بگرن و سەدان جیهادییان لەسەرانسەری وڵاتەکە دەستگیر کرد. بەڵام لە ئێستاشدا مەترسییەکی هاوشێوە دەکەوێتەوە سەر تورکیا.

یەسیلادا دەڵێت " ڕیشی خۆی دەتاشێت و چەکەکەی لە شوێنێک فڕێ دەدات، جا چۆن بزانین جیهادییە."

لە ئێستادا تورکیا میوانداری زیاتر لە 3 ملیۆن و نیو پەنابەری سوریایی دەکات لە شارە سەرەکییەکانی تورکیا، چاودێری کردن و دەستنیشان کردنی جیهادییەکان هەنگاوێکی زۆر سەختە.

سۆلمازتورک کە ئێستا سەرۆکایەتی ئینستتوتی سەدی 21ی بنکە لە ئانکەرە دەکات دەڵێت " خۆی هەر سەختە و سەختریش دەبێت. ئاستەنگی سەرەکیش ژینگەکەیە. ئەم کەسە ڕادیکاڵانە دەتواونن بە ئاسانی خۆیان بخزێننە نێو سوریاییەکانەوە. لە چەندین ناوچەی تورکیا سوریاییەکان زۆرینەن لە ئێستادا."

دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایش کە بە مەرجێک قسەی کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵێت " مەترسی ئەو جیهادیانەی لە ئیدلب دەردەچن تەنها بۆ سەر تورکیا نییە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە وەکو دەروازەیەک وایە بۆ ئەوروپا. هەندێک لەو جیهادیانەش کە لە ئیدلب گەمارۆ دراون بڕوا دەکرێت ئەورپایی بن".

سۆلماز تورک پێی وایە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە ئیدلب لەگەڵ سنوری تورکیا بۆ پەنابەران یارمەتیدەر دەبێت.

شارەزایان ئاماژە بەوەش دەکەن پوتن سوورە لەسەر ئەوەی ئانکەرە دەبێت ڕاستەوخۆ وتووێژ بکات لەگەڵ دیمەشق لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا. تورکیا لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە پەیوەندیەی دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ سوریا بچڕیوە.

هێزەکانی ئاسایشی تورکیا هێشتا بەردەوامن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەی داعش لە ناو تورکیادا. بە پێی سەرچاوەیەکی ئاسایش بەم دواییانە هێرشێکی گەورەی تیرۆرستی پوچەڵ کراوەتەوە تەنها چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی ئەنجام بدرێت.

لە کاتێکدا شارەزایان هۆشداری ئەوە دەدەن تورکیا هێشتا نرخی ئابوری هێرشەکانی پێشووتر دەدات درەنجامەکانی شەپۆلێکی تری هێرشی تیرۆستی لە وڵاتەکە سەخت دەبێت.

XS
SM
MD
LG