Accessibility links

هاوکاتی وتووێژی ئاشتی تالیبان بەرگری لە هێرشە خۆکوژییەکەی شەوی دووشەممە دەکات


تالیبان لە ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە بەرگری لەو هێرشە خۆکوژییە کرد کە دژ بە بارەگا نێونەتەوەییەکان ئەنجامی دابوو و بەلایەنی کەم 16 کەسی سڤیلی تێدا کوژران و 119 کەسی تریش بریندار بوون. ئەم هێرشەش تەنها چەند کاتژمێرێک پاش ڕاگەیاندنەکەی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بوو کە گوتی لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارە گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە درێژخایانترین شەڕی ئەمەریکا.

دانیشتوانی توڕەی کابوڵ کە ماڵەکانیان لەو هێشەدا زیانی پێگەیشتووە بەسەر دیوارە ڕووخاوەکانی ئەو باڵەخانانەوە دانیشتوون کە زۆربەی جار لەلایەن ملیتانەکانەوە دەکرێنە ئامانج، لە کاتێکدا دووکەڵ لە گوندی سەوزەوە بەرزدەبێەوە کە شوێنی چەندین ڕێکخراوی بیانییەو میوانخانەیە و شوێنەکە بۆتە مەترسییەک بۆ دانیشتوانی خۆجێهی نزیکی ئەو ناوچەیە.

فیاز ئەحمەد یەكێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێت " خەڵکی هاواریان دەکرد ' منداڵەکانمان لە نێو خانووە ڕووخاوەکان گیریان خواردووە."

تالیبان لەم جۆرە هێرشانەی بەردەوامە تەنانەت لە کاتێکیشدا کە نوێنەرێکی ئەمەریکا گوتی ڕێککوتن لەگەڵ ئەو گروپە یاخیبووە تەنها مۆری پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆک ترامپەوە پێویستە تاببیت بە ڕاستی. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە پێویستە سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە و تالیبان لە ئێستاوە بە سەرکەوتنی خۆی لە قەڵەم دەدات.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەستۆشیەیتدی ڕاگەیاند " ئێمە دەزانین وتووێژی ئاشتی لە ئارادایە ... بەڵام دەبێت ئەوانیش لەوە تێبگەن ئێمە لە ڕوانگەی لاوازیمانەوە ئەم وتووێژە ناکەین... ئێمە بە هەڵوێستێکی بەهێزەوە لە وتووێژەکەداین."

ئەو گوتی ئەو هێرشە وەڵامێک بوو بۆ هەڵمەتێکی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و ئەفغانستانەوە کرابۆ سەر خەڵکی سڤیل لە شوێنەکانی تری وڵاتەکە. لە کاتێکدا دانیبەوەدانا کە پێویستە زیانی کەتر بگات بە خەڵکی سڤیل گوتیشی پێویست ناکات ئەوانیش لە نزیک شوێنێکی گرنگی بیانیان بژین.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان نەسرەت ڕەحیمی گوتی نزیکەی 400 کەسی بیانی لە پاش هێرشە خۆکوژییەکەی شەوی دووشەممە ڕزگارکراون. پێج هێرشبەری تریش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانییەوە کوژران.

هێرشەکە چەند کاتژمێرێک پاش ئەوە بوو کە نوێنەری ئەمەریکا زانیارییەکانی لەسەر ڕێککەوتنەکە دا بە حکومەتی ئەفغانستانی.

XS
SM
MD
LG