Accessibility links

حەشدی شەعبی لە تاوانبارکردنی ئەمەریکا پاشگەز دەبێتەوە


سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقی پاشگەزبۆوە لەو تۆمەتبارکردنەی ئەمەریکا کەلەلایەن جێگرەکەیەوە کرابوو بۆ زنجیرە تەقینەوەکانی ئەمدواییانە لە بنکەکانی گروپەکە.

فالح ئەلفەیاز ڕایگەیاند هێشتا لێکۆلەران دەریان نەخستووە چ لایەنێک دەستی هەبووە لە تەقینەوەکانی مانگی ڕابوردوو لە چوار کەمپی مەشق و ڕاهێنان و عەمباری چەک و تەقەمەنی حەشد، کە بە هێزێکی سەر بە ئێران دادەنرێن.

فەیاز، کە پێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی حکومەت بوو، بەیاننامەیەکی پاش کۆبونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عادل عەبدول مەهدی لە شەوی چوارشەممە بڵا کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەری دەخەن ڕووداوەکان کرداری دەرەکی بە ئەنقەست بوون."

ئەو دەشڵێت " لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی ئەو لایەنانەی لێی بەرپرسیارن بە تەواوەتی دەستنیشان دەکرێن تا بتوانرێت هەڵوێستێکی گونجاو لە دژیان وەربگیرێت."

چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە، جێگری بەرپرسی هێزەکانی حەشد ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، کە دیدوبۆچوونی توندی دژ بە ئەمەریکای هەیە، بە ئاشکرایی واشنتۆنی تاوانبار کردبوو.

موهەندیس ڕایگەیاندبوو " ئێمە ڕایدەگەیەنین یەکەم و دووا لایەنی کە بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو ڕووداوانە هێزەکانی ئەمەریکان، و ئێمە بەرپرسیاریان دەکەین بۆ هەر شتێک کە لەمڕۆ بەدواوە ڕووبدات."

بەڵام فەیاز خۆی دوور گرت لە بەیاننامەی جێگرەکەی و گوتی " بۆچوونەکانی ئەو گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی حەشد ناکات."

ڕۆژی چوارشەممە پەنتاگۆن نکوڵی لەوە کرد کە دەستیان هەبێت لەو تەقینەوانەدا.

XS
SM
MD
LG