Accessibility links

موسوڵمانە ڕۆهینگیاکان ناخوازن بگەڕێنەوە بۆ میانمار


کاربەدەستانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی بەنگلادێش ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند تەنها ژمارەیەکی کەمی پەنابەرانی موسوڵمانی ڕۆهینگیا لە بەنگلادێش وەڵامی ئەو پلانەیان داوەتەوە لەسەر گەڕانەوەیان بۆ میانمار هەمویان گوتویانە ناگەڕێنەوە.

بەرپرسی کاروباری پەنابەران لە بەنگلادێش عەبدول کەلام ڕایگەیاند لە کۆی هەزارو 56 خێزاندا کە دەستنیشانکرابوون لەمڕۆ سێشەممەوە بگێڕدرێنەوە بۆ میانمار تەنها 21 خێزان ئامادەبوون لەگەڵ کاربەدەستاندا چاوپێکەوتن بکەن لەسەر ئەگەرو نەگەری گەڕانەوەیان. ئەو دەڵێت تەواوی ئەو خێزانانە گوتویانە ناخوازن بگەڕێنەوە.

ئەو گوتیشی ڕەوشەکە ئێستا زۆر جیاوازە پشێوی وەکو پێشوتر دروست نەبووە. خەڵکی چوون بۆ وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستان و بە ئازادانە ڕای خۆیان گوتووە. ئەمەش هەنگاوێکی باشە ئێستا زیاتر لە ڕەوشەکە تێگەیشتوون.'

ئەو گوتی سبەینێشمان هەیە و هیوادارم خەڵکی بێن بۆ وتووێژکردن.

لۆوسی دانۆڤان گوتەبێژی UNHCR لە ئیمەیلێکدا ڕایگەیاندووە کە وتووێژی دووهەم لەگەڵ ئەو خێزانانەدا دەکرین کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

ژمارەیەک لەو ڕۆهینگیایانەی کە ڕۆژی سێشەممە وتووێژیان لەگەڵدا ئەنجام درا ڕایانگەیاند ئەوان ناگەڕێنەوە هەتا ئەو کاتەی میانمار مافی هاووڵاتی بوونیان پێنەدات. میانماریش ئامادە نییە ڕۆهینگیاکان بە هاووڵاتی خۆی قبوڵ بکات هەرچەندە زۆربەی خێزانەکان چەندین نەوەیە لەوێ لە دایک بوون و دەژین بەڵام هەر پێیان دەڵێن بەنگالییەکان.

ڕاهول ئەمین سەرۆکی خێزانێکی نۆ کەسی ڕایگەیاند " بەر لە گەڕانەوەمان ئێمە دەمانەوێت متمانەی هاووڵاتی بوونمان پێ بدرێت و لە بری بەنگالی پێمان بوترێت ڕۆهینگیا، ئەو جا دەڕۆینەوە، بەبێ مافەکانمان ناتوانین بڕۆینەوە."

XS
SM
MD
LG