Accessibility links

واشنتن سەپاندنی باجی گومرگ بەسەر چیندا دووادەخات


حکومەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بڕیاری داوە سەپاندنی باجی گومرگی نوێ بەڕێژەی لەسەدا 10 بەسەر هاوردەی ئامێری ئەلکترۆنی چینیدا هەتا 15 ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ دووابخات، بەڵام ئەمەریکا سەپاندنی باجی گومرگی نوێ لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە بەسەر کاڵای چینی بە بەهای 300 ملیار دۆلار دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کاتێکدا واشنتن و بێژین کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی بازرگانی بەردەوامی نێوانیان دەکەن، لەدەمێکی پێشوەختی ڕۆژی سێشەممەدا نوێنەری بازرگانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا"رۆبەرت لایتهایزەر" بەتەلەفون قسەی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی چینی کردوە و بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوشدا جارێکی تر قسەی لەگەڵ بکاتەوە.

بە گوێرەی ئەم شەپۆلە نوێیەی باجی گومرگی ئەوەی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادۆناڵد ترەمپ لە رۆژی یەکی مانگی ئابدا ڕایگەیاند، نزیکەی تەواوی کاڵای هاوردەی چینی بۆ ئەمەریکا باجی زیاتری گومرگی بەسەریاندا دەسەپێنرێن.

بڕیارە ئەمەریکا و چین لە مانگی داهاتودا زنجیرەیەک دیدار لە واشنتن ئەنجام بدەن بەڵام بە هۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوانیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، گومان دەکرێت ئەو دیدارانە بکرێن.

XS
SM
MD
LG