Accessibility links

تەلبەن و بەربەستە ئاڵۆزەکان لە کشمیری هندستان


شاری سەرەکی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هندستان بۆتە شوێنی سەرسوڕمان لە نێو تەلەبەندەکان و بەربەستەکاندا ئەمەش لە کاتێکدایە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەر بەسەر شارەکەدا دەخوڵێنەوە.

هێزەکانی نیمچە لەشکر بە هێلەکی گوللەنەبڕ و کەرەستەی دژە ئاژاوەوە، بە چەکەوە لەسەر شەقامەکانن و تۆڕەکانی خاڵە پشکنینەکان کۆنترۆڵ دەکەن. ڕێگە بە خەڵکێکی زۆر کەم دەدرێت بە بێو ئەو تەلبەندانەدا هاتووچۆ بکەن.

هەرچەندە نزیکەی 4 ملیۆن دانیشتوانی دۆڵی کشمیر، کە دەیان ساڵە یاخیبوونی تێدایە، ڕاهاتوون بە بەربەستەکان بەڵام دانیشتوان دەڵێن هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە کە لە پاش بڕیارەکەی هندستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەتۆنۆمی کشمیر لە سەرەتای ئەم مانگەوە هاتۆتە ئاراوە.

شێوازی تەلبەندەکان بە شێوەیەکی تێکەڵاو و شوێنی دەرچوونەکەی زوو زوو دەگۆڕدرێت، خەڵکی لە شارەکانی خۆیاندا سەریان لێدەشێوێت و ناتوانن زوو زوو نەخشەکانی شەقامەکان بگۆڕن.

زەمیر ئەحمەد یەکێکە لە دانیشتوانی شاری سرینەگەر بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتدی گوتووە " ئەمە زۆر ئاڵۆزە، زۆر سەختە بۆمان، تەواوەی شاری سرینەگەر تەلبەند کراوە بەو تەلە دڕکاویانە بۆ بێ دەنگکردنی ئێمەو ڕەزامەندیمان لەسەر ڕەوشەکە."

قەدەغەکردنی هاوتوچۆ لەو دۆڵە زۆرینە موسوڵمانە، نێوەندی ولایەتی جەمو کشمیری هندستان، لە هەفتەی ڕابوردۆوە بەردەوامە لەو کاتەوەی کە نیودهلی باری تایبەتی دەستووری ئەو هەرێمە کێشە لەسەرەی ناوچەی هیمالاینی هەڵوەشاندەوە.

لە ساڵی 1947 وە کە هندستان سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت و پاکستان دروست بوو کێشەی کشمیر بە هەڵپەسێردراوی مایەوە. هەر یەک لە هندستان و پاکستان کشمیر بە هی خۆی دەزانێت و بەشێکیش لە کشمیرییەکان سەربەخۆی خۆیان دەوێت. هەتا ئێستا پاکستان و هندستان دوو جار جەنگیان لەسەر کشمیر کردووە کە هەر یەکەیان کۆنترۆڵی بەشێکی دۆڵی کشمیریان لەدەستە.

لە کشمیری بەشی هندستان چەندین سەرهەڵدان هەتا ئێستا ڕوویداوە، لە ناویاندا ئەوەی ساڵی 1989 کە کوشندەترین بوو خەڵکی داوایای سەربەخۆییان دەکرد و یان بخرێنە سەر پاکستان. نزیکەی 70 هەزار کەس لەو سەرهەڵدانەدا کوژران و ماڵوێرانییەکی زۆری بۆ کشمیرییەکان لێ کەوتەوە.

ڕۆژی پێنجی مانگی 8 ی ئەمساڵیش هەر بەر لە دەنگدانەکەی پەرلەمانی هندستان حکومەتی ناوەندی باری نائاسایی ڕاگەیاند و هاتوچۆی قەدەغە کرد هاوکات هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێتیش لە ناوچکە بچڕا.

محەمەد مەقبولی ئەندازیار دەڵێت لە ماوەی 30 ساڵی ڕابوردوومدا لە سرینەگر شتی وام نەبینیوە.

تەلەدڕکاوییەکان لە نێوان گەڕەکەکاندا دانراون ئەمەش ڕێگە لە کۆبونەوەی خەڵکی دەگرێت. هەندێک لە شەقامەکان بە زرێپۆش گیراون. بەهۆی ئاڵۆزی شەقامەکان و گۆڕینی نەخشەکە زوو زوو، زۆر زەحمەتە کە بەڕێگایەکدا بڕۆی بتوانیت لە هەمان شوێنەوە بگەڕێیتەوە.

سایبا ڤێرما، لە زانکۆی ساندێگۆ لە کالیفۆرنیا، کە ئێستا بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی پزشکی لە سەرینەگەرە دەڵێت " ئەم مانۆڕە لەشکرییە بۆ سزادان و کۆنترۆلکردنی هەمو هەڵسوکەوتێکی خەڵکییە. ئەمە هەوڵێکە بۆ شکاندنی دەرونی خەڵکەکەو فێرکردنیان کە ئەوان ناتوانن جەستەی خۆیان کۆنترۆل بکەن."

ڤێرما گوتیشی " لە فەلەستین بەربەستە ئیسرائیلییەکان ڕێگری لە خۆراک و دەرمانی خەڵکی دەکەن. بەڵام لێرە جیاوازە. ئەمان ڕێگە دەدەن خەڵکی نان بخۆن بەڵام هەوڵ دەدەن جەستەی کشمیرییەکان، مێشک و ڕۆحیان کۆنترۆڵ بکەن."

کاربەدەستان ئامادە نەبوون هیچ وردەکارییەک لەسەر خاڵە پشکنینەکان و ئەو ڕێگە نوێەی کۆت و بەند کردن ئاشکرا بکەن. کاربەدەستانی حکومەت سورن لەسەر ئەوەی کە بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و هەتا ئێستاش کەس نەکوژراوە یان بە سەختی بریندار نەبووە لەو خۆپیشاندانە بچڕ بچڕانەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردوو ئەنجام دراون.

XS
SM
MD
LG