Accessibility links

لە ئەمەریکا پیاوێک بە چەکەوە لە ناو بازار گرتەی ڤیدیۆی خۆی دەگرێت و بە هەڕەشەی تیرۆرستی تۆمەتبار دەکرێت


داواکارانی گشتی ڕۆژی هەینی تۆمەتی هەڕەشەی تیرۆرستیان خستە پاڵ پیاوێکی تەمەن 20 ساڵان کە دەڵێن بە چەک و قەڵغانەوە چۆتە ناو بازارێکی مزوری بۆ ئەوەی بزانێت ئایە بازای والمارت ( بازارێکی گەورە کە لە سەرانسەری ئەمەریکا لقی هەیە) ڕێز لە مافی دەستووری چەکهەڵگرتنی دەگرێت یان نا.

ئەم ڕووداوە تەنها چەند ڕۆژێک پاش کوشتنی 22 کەس بەهۆی تەقەکردنی هەڕەمەکی بە ناو خەڵکیدا لە ناو بازارێکی تری والمارت لە ئێل پاسۆی تێکساس ڕوویدا و بووە هۆی شڵەژان و ترساندنی خەڵکی لە شاری سپرینگفیڵدی ولایەتی مزوری. ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە دمیتری ئاندریشینکۆ بە ناو بازارەکەدا دەڕۆشت و بە تەلەفۆنەکەی ڤیدیۆی خۆی دەگرت.

ئەو هیچ تەقەی نەکردووە دەستگیر کرا پاش ئەوەی لەلایەن ئاگرکوژێنەرەوەیەکی کە لەو کاتەدا لە کاتی ئەرکیدا نەبوو ڕێگەی لێگیرا.

داواکاری گشتی دان پاترسن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " لە مزوری مافی ئەو کەسانە پارێزراوە کە بە ئاشکرایی دەمانچەیان پێبێت، بەڵام ڕێگە نادات کەسێک ڕەفتاری نەشیاو و تاوانکارانە بکات کە هاووڵاتیانی تر بخاتە مەترسییەوە." ئەو گوتیشی ئەو ڕەفتارەی ئەو پیاوە خەڵکێی زۆری ترساندووە و پشێوی دروست کردووە.

ئەگەر ئەو پیاوە تۆمەتی هەڕەشەی تیرۆرستی بەسەردا ساخبێتەوە ئەوا ڕەنگە هەتا 4 ساڵ سزای زیندانی و 10 هەزار دۆلار سزای دارایی ببێتەوە.

دمتری ئەندرێشینکۆ گوتویەتی مەبەستی ئەو کڕینی خواردن بووە لە بازاڕەکە. دەمانچەکەی گوللەی تیابووە بەڵام میلی نەهێندراوەتەوە. ئەو گوتوشیەتی بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دوواییانەوە تەنها ویستوویەتی ئەو چەک و قەڵغانە بۆ پاراستنی خۆی بەکار بهێنێت.

هاوسەرەکەی دەڵێت پێش ئەوەی بڕوات پێی گوتووە ئەوە کارێکی باش نییە و خوشکەکەشی گوتویەتی کاتێک دوای لێ کردووە بێت ڤیدیۆی بگرێت کە ئەم بە چەکەوە لە واڵمارت دەسوڕێتەوە، ڕەتی کردۆتەوەو پێی گووتووە کارێکی باش ناکەیت.

XS
SM
MD
LG