Accessibility links

بۆریس جۆنسن دەبێتە سەرۆک وەزیری نوێی بەریتانیا


پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بۆریس جۆنسن لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بۆ بوون بە ڕێبەری نوێیان و سەرۆک وەزیری داهاتووی وڵاتەکە.

جۆنسن بە ڕێژەی لە سەدا 66 بەرامبەر 34 سەرکەوتنی بەسەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جێرمی هەنتدا هێنا لەو دەنگدانەی شەوی دووشەمە کۆتاییپێهات.

پاش ئەوەی سەرکەوتنەکەی ڕاگەیەندرا جۆنسن بە ئەندامانی پارتەکەی گوت " ئێمە ئەم وڵاتە مەزنە یەک دەخەین و بەرەوپێشی دەبەین."

ئەو بەڵێنی دا لە 31 ی مانگی 10 دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەنجام بدات و تواناکانی وڵاتەکە یەکبخات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە، ژێرخان و پۆلیس.

جۆنسن ڕۆژی چوارشەممە بە فەرمی جێگای سەرۆک وەزیر تێرێزا مەی دەگرێتەوە لە کاتێکدا ئەو پاش چەندین هەوڵی سەرنەکەوتوو بۆ دەرکردنی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەستیلەکار کێشایەوە.

لە وتارەکەیدا جۆنسن سوپای مەی کرد بۆ " هەوڵە بێهاوتاکانی" بۆ پارتەکە و وڵاتەکەش.

XS
SM
MD
LG