Accessibility links

کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی دیپلۆماتەکەی تورکیا لە هەولێر، دەستگیر دەکرێت


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەوان پیاوێکیان بە تاوانی کوشتنی دیپلۆماتێکی تورکیا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە کە بڕوا دەکرێت ئەو پیاوە برای پەرلەمانتارێکی تورکیا بێت.

ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کەمتر لە هەفتەیەک پاش هێرشەکە ئەو پیاوەی دەستگیر کردووە کە پلانی کوشتنی دیپلۆماتێکی تورکیای لە نێو ڕێستورانتێکی هەولێردا داڕشتبوو."

ناوی گومانبارەکە نەهێندراوە بەڵام بەیاننامەکە دەڵێت "ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن" خوشکەکەی ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی تورکیایە.

بەیاننامەیەکی هێزێکی تری ئاسایشی کوردستانی عێراق، دەزگای دژە تیرۆر، ناوی گومانبارەکەی بە مەزڵوم داغ ڕاگەیاندووە.

بەلایەنی کەم سێ کەس لەناویاندا جێگری کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر ڕۆژی چوارشەممە کوژران کاتێک چەکدارێک لە ناو ڕێستورانتێکدا تەقەی کرد لە کاتێکدا دیپلۆماتە تورکەکان لەوێ خەریکی نانخواردن بوون. دوو کاربەدەستی ئاسایش و گەواهیدەرێک ڕایانگەیاند پاشان هێرشبەرەکە بە ئۆتۆمبێلێک کە کەسێکی تر دەیهاژوو هەڵات.

توندوتیژی بە شێوەیەکی گشتی دەگمەنە لە هەرێمی کوردستان کە ئەو شەڕە ناوخۆ و ئاینزاییانەی لە ساڵێ 2003 وە لە عێڕاق ڕوویانداوە ئەوێی نەگرتۆتەوە.

ئەم هێرشە چەند هەفتەیەک پاش دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی لەشکری تورکیا بوو بۆ سەر پەکەکە کە بارەگاکانیان لە باکوری عێراقە.

XS
SM
MD
LG