Accessibility links

لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە جیهاندا برسین، نەخۆشی قەڵەویش دەگاتە بەرزترین ئاست


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەیان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا برسین، بەڵام لە هەمانکاتیشدا، نەخۆشی قەڵەویش دەگاتە بەرزترین ئاست.

ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتێک لەلایەن پێنج ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کرایەوە کە دەڵێت لە کاتێکدا ڕێژەی برسێتی زیادی کردووە خەڵکی زیاتر پەرێشانی ئەوەن کە بزانن ژەمی داهاتووی خێزانەکانیان لە کوێوە دێت.

هۆزێ گرازیانۆ دا سیلڤا بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ ناسراو بە FAO دەڵێت " خەڵکی هەست بە سەلامەتی ناکەن ئەوان لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین چونکە لەو ناوچانەدا دەژین کە شەڕیان لێیە، دڵنیا نین چونکە لەو وڵاتانەن کە ناکۆکییەکی زۆری تێدایە، دڵنیا نین چونکە پارەیەکی ئەوەندە کەمیان پێدەدرێت تەنانەت ناتوانن خۆراکی خۆشیان پێ بکڕن... ژمارەی ئەمانەش گەیشتۆتە 2 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئەمەش ژمارەیەکی زۆر زۆرە و ئێمە بڕوامان نەکرد کاتێک ژمارەکەمان زانی."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات بەرزترین ڕێژەی برسێتی لە ئافریکایە.

لە ئاسیاش زیاتر لە 500 ملیۆن کەس بە تایبەتی لە بەشی باشوری کیشوەرەکە ڕووبەڕووی بەدخۆراکی بوونەتەوە. ئەم جۆرە برسێتییە زۆربەی جار کاریگەری درێژدەمی دەبێت بۆ سەر قوربانیان بە تایبەتی منداڵان.

بەرێوەبەری گشتی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەیڤد بێسڵی دەڵێت " پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ چارەسەرکردن، چونکە ئەگەر ئەمانە کچ و کوڕی تۆ بوونایە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ، تۆ ئەوی لە تواناتدا بێت دەتکرد تا هەوڵێکیان بۆ بدەی."

بێسڵی دەڵێت کێشەی برسێتی لە جیهاندا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام ناکرێت بەبێ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییەکان بهێنرێن، کە بوون بە مایەی لەناوبردنی بەشێکی زۆری ئابوری جیهان کە دەشێ بۆ پێشوەچوون بەکاربێت.

لە هەمانکاتدا بۆ یەکەمجارە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویانە زانیارییەکان لەسەر ڕێژەی قەڵەوی لە سەرانسەری جیهان کۆبکەنەوە کە مایەی سەرسوڕمانە.

گرازیانۆ دا سیلڤا دەڵێت " نزیکەی 830 ملیۆن کەس لە جیهاندا نەخۆشی قەڵەوییان هەیە، ئەمەش کێشەیەکە لە هەمو کیشوەرەکاندا هەیە جگە لە ئافریکا و ئاسیا." ئەو دەڵێت ئەمە لە ڕاستیدا نەخۆشییەکی جیهانییە بەو شێوە خێرایەی کە لە جیهاندا زیاد دەکات.

نرخی نەخۆشی قەڵەویش زۆرە نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا بۆ ئەو نەخۆشیانەی کە پەیوەندییان بە کێش زیادییەوە هەیە.

گرازیانۆ دا سیلڤا داوا دەکات لەسەر پاکەتی خۆراکەکان باشتر ڕێژەی خوێ، چەوری و شەکر ڕوون بکرێتەوە. ئەو دەڵێت خۆراکی تەندروست و تازەش پێویستە زیاتر گرنگی پێبدرێت.

XS
SM
MD
LG