Accessibility links

کێشەی قەڵەوی دەبێتە کۆسپ لە بەردەم پەیوەندیکردنی ئەمەریکایـیەکان بە لەشکری وڵاتەکەیانەوە


سەرۆک ترامپ هەفتەی ڕابردوو کاتێک بە نمایشێکی گەورەی سەربازی لە واشنتن ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا یادکردەوە، ئەمەریکاییەکانی هاندا زیاتر خۆیان ناونووس بکەن بۆ پەیوەندیکردن بە هێزی لەشکری وڵاتەکەیانەوە.

ترامپ لەسەر پلیکانەکانی مۆنۆمێنتی لینکن وتارەکەی پێشکەش کرد و گوتی" گەنجە ئەمەریکاییەکانی سەرانسەری وڵاتەکەمان، ئێستا دەرفەتە بۆ ئێوە تا بەشداری لە هێزی لەشکریمان بکەن و بە ڕاستی بڕیارێکی باش لە ژیانتاندا بدەن، پێویستە ئەم کارە بکەن."

هەر ڕۆژێک پاش ئەوە لە دەرەوەی کۆشکی سپی کاتێک بۆ پەیامنێران لێدوانی دەدا، پێشبینی ئەوەی کرد کە نمایشە سەربازییەکە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ سەربازیناونووس دەکەن.

بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ساڵی 2016 ی وەزارەتی بەرگری نزیکەی سێ بەشی گەنجە ئەمەریکاییەکان شیاو نین بۆ بەشداریکردن لە لەشکری ئەمەریکا، جا ڕەنگە ئەم هاندانەی سەرۆک ترامپ و نمایشی سەربازی بەس نەبێت بۆ هەوڵەکانی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا.

بە پێی وەزارەتی بەرگری، هێزی دەریای، مارینس و هێزی ئاسمانی لە ساڵی 2018 گەیشتبوون بەو ئاستەی کە ئامانجیان بوو، بەڵام هێزی سەربازی کە گەورەترین بەشی لەشکری ئەمەریکایە نەیتوانیوە بگات بە ئامانجی وەرگرتنی 76 هەزار سەرباز و 6 هەزارو پێنج سەدی کەمبووە.

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2018 کە لەلایەن گروپێکی 750 شارەزای خانەنشینی لەشکری کە پێشنیازی زیادکردنی ڕێژەی هێزی سەربازی دەکەن نووسراوە، نیشان دەدات ٪71 ی ئەو ئەمەریکاییانەی تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 24 ساڵانە نەیانتوانیوە بگەن بە مەرجە بنچینەییەکانی چوونە ناو لەشکرەوە.

گەورەترین ئاستەنگی بەردەم وەرنەگرتنی ئەو گەنجانە زیادی کێشیانە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت لەسەدا 31 ی ئەو گەنجانەی وەرنەگیراون بەهۆی قەڵەوی بووە. هۆکارەکانی تریش بریتین لە ئاستی پەروەردە، تۆماری تاوانکاری و بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر.

ژەنەڕاڵی خانەنشینی لەشکری ئاڵن یۆنگمان کە ئەندامی گروپی ئامادەباشییە دەڵێت لەسەدا 25 ی ئەو کەسانەی کە دوواناوەندیان تەواو کردووە نەیانتوانیوە لە تاقیکردنەوە ئاساییەکاندا دەربچن.

یۆنگمان دەشڵێت نەک تەنها ڕێژەی وەرگرتنی گەنجان کەمبۆتەوە بەڵکو ژمارەی ئەو گەنجانەش کەم بۆتەوە کە خواستی چوونە ناو لەشکریان هەیە، وەک دەڵێت ئەمەش بەهۆی باشبوونی ڕەوشی ئابوری وڵات و زیادبوونی کاری سیڤیلی بۆ گەنجەکان.

بۆ چوونە ناو لەشکری ئەمەریکاوە دەبێت گەنجان لە تاقیکردنەوەی ئاسایی دەربچن و ئاستێکی کێشیش هەیە کە نابێت لەوە زیاتربن. بەڵام لە ئێستادا بابەتی کێش بۆتە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە ئەمەریکا.

لەسەدا 14 ی منداڵانی ئەمەریکا هەتا دەگەنە تەمەنی 2 ساڵان کێشیان زیاد بووە، و ڕێژەی بەرزی کێشیش لەگەڵ تەمەنەکاندا بەرەو زیاد بوون دەڕوات. لە تەمەنی 16 بۆ 19 ساڵیدا لەسەدا 42 ی ئەمەریکاییەکان کێشیان لە ئاستی پێویست زیاترە. بە پێی شارەزایانی تەندروستی و ئامارەکان لەسەدا 70 ی ئەو گەنجانەی کێشیان زۆرە پاشان نەخۆشی قەڵەوییان بۆ دروست دەبێت.

ئەم کێشەیەش لە ولایەتەکانی باشوری ئەمەریکا زیاترە کە بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی ئەوێ زیاتر دەچنە نێو لەشکرەوە.

XS
SM
MD
LG