Accessibility links

پاکستان: دانۆڵد ترامپ و عمران خان لە کۆتایی ئەم مانگە کۆدەبنەوە


سەرۆک وەزیری پاکستان عمران خان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە 22 ی مانگی 7دا سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ سەرۆک ترامپ کۆدەبێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان محەمەد فەیسەڵ ڕایگەیاند خان ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک ترامپ ئەنجام دەدات.

فەیسەڵ لە میانەی کۆنفرانسی هەفتانەی ڕۆژنامەوانی لە ئیسلام ئاباد گوتی " کارنامەی کۆبونەوەکە لە ڕێی کاناڵە دیپلۆماسییەکانەوە ئەنجام دراوە. سەرنجیش لەسەر نوێکردنەوی پەیوەندییە دوولایەنیەکان دەبێت."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە فەرمی ئەم کۆبونەوەیەی ڕانەگەیاندووە.

کاربەدەستان و چاودێرانی سیاسی لە ئیسلام ئاباد بەو هیوایەن یەکەم کۆبونەوەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە ببێتە مایەی گۆڕانکاری لەو پەیوەندییانەی کە زۆرجار گرژی و ئاڵۆزیان تێدەکەوێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی بڕوا دەکرێت سەرنجی سەرەکی کۆبونەوەکە هەوڵەکانی ئاشتی بێت لە ئەفغانستان.

فەیسەڵ گوتیشی " پاکستان ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە خێراکردنی وتووێژەکان ئاشتی ئەفغانستان. ئێمە ئەمە بە نیازێکی باشەوە دەکەین وەکو دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان."

XS
SM
MD
LG